Sarmand Hameed
28 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2021
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند، ههر سێ رۆژی جهژنی رهمهزان قهدهغهی هاتوچۆی تهواوهتی لە هەرێمی کوردستان رادهگهیهندرێت.
جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەنجامیدا، بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکاران و رای گشتیی خستەڕوو.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی کە لە کۆبوونەوکەدا تاوتوێ کراوە، رایگەیاند، یەکەم بڕیارمان ئەوەیە هەمان رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و رێکارەکان بەردەوام دەبێت و رێکارەکانی پەیوەست بە خوێندن لەسەر ئاستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
جووتیار عادل لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەت تاوەکو ئەمساڵی خوێندن بەفیڕۆ نەچێت گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ بۆ ئەوەی نەفەوتێت، هەموو ئەگەرێک لە بەردەستی خۆی دادەنێت، حکوومەت دەست کراوە دەبێت بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت".
لەبارەی بڕیاری کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەدوای جەژنی رەمەزان دووبارە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە بەپێی هەڵسەنگاندنی تەندروستیی بڕیار پێویست دەدرێت".
لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل ئاشکرای کرد بڕیاروایە هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان پەسەند بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات.
لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بووجەی گشتیی فیدڕالی فیدڕاڵی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی یاساکە دووپات کردووەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامی حکوومەتی فیدڕاڵی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە".
لەبارەی ئامادەیی چوونی سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان جووتیار عادل گوتی: "وەک حکوومەت هەمیشە ئامادەبووینە بچینە پەرلەمان و زیاتر لە ١٠٠ جار وەزیرە پەیوەندارەکان چوونەتە پەرلەمان، هەرکاتێکیش بە پێویست زانر ئامادەین بچینە پەرلەمان".
لەبارەی پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایان و قوتایبان لە ئەگەری کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا راپۆرتی وەزارەتی پەروەردە پەسەند کراوە و بەپێی ئەولەوییەت ڤاکسین بە مامۆستایان و قوتابیان دەدرێت.
جووتیار عادل لەبارەی کڕینی ڤاکسین بەشێوەی راستەوخۆ گوتی: "کۆمپانیاکان بەشێوەی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی دەکەن، ئێمە لە هەوڵداین لەگەڵ بەغدا تاوەکو پشکی هەرێم لە ڤاکسین زیادبکرێت".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ هیندستان ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارداوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان رابگیرێت و هەرکەسێک کە لە هیندستانەوە دێت، دەبێت بۆ ماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتین بکرێت.