Hawkar Yaseen
24 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2022
هەولێر - AA
ئەمرۆ پێشنیازی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەخرێتە بهردهستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی تا بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات و رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری کات.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای ناوخۆیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "پێشنیازی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکراوە و ئەمڕۆ دەخرێتە بەردەست سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات".
فەوزی هەریری راشیگەیاندووە "پێشبینی دەکەین سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە واژوو بکات و رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن".
دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە کە هێشتا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناکۆکن لەسەر یاسای هەڵبژاردن و شێوازی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، هەرچەندە هەموویان رایانگهیاندووه كه سوورن لەسەر ئەوەی پڕۆسهی هەڵبژاردنەکان دوانەکەوێت و لە وادەی خۆیدا ئهنجام بدرێت، بەڵام لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکان و یاساکەی ناکۆکن.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە دەست بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان نەبرێت و بەو شێوازەی ئێستا هەیە و بە شێوازی یەک بازنەیی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت، هۆکاریشی بۆ ئەمە ئەوەیە كه، دەڵێن هەموارکردنەوەی یاساکە کاتی دەوێت و وادەکات فریای هەڵبژاردنەکان نەکەوین لەوادەی خۆیدا.
لە بەرامبەردا لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆچوونیان جیاوازە و پێیانوایه دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و هەرێمی کوردستان بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابهش بكرێت.
رۆژی هەشتی شوبات فراکسیۆنه جیاوازهكانی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەمان پرس پێنجەمین کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام لەو کۆبوونەوەیەدا هیچ رێککەوتنێک نەکرا و تەنیا رایانگەیاند كه، نزیکبوونەوەی باش لەنێوانیاندا هەیە، دوو رۆژ دواتریش بۆچوونی هەموو فراکسیۆنەکان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرا و بڕیاریشه هەفتەی داهاتوو بۆ ئەو پرسە کۆببنەوە و بڕیارێک لەبارەی داواکاری لایەنەکان و دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بدەن.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت لە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەگەر لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بگەنە رێککەوتن، کۆمیسیۆن شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکان، بۆیە دەبێت تا کۆتایی مانگی ئادار کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کارابکرێتەوە و، راسپێردرێن بۆ دەستکردن بە ئامادەکاری هەڵبژاردنەکان.