Sarmand Hameed
24 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2022
هەولێر - AA
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند، هێشتا چاوەڕێی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا و جەختی لەوەش کردەوە کە جەنگ جگە وێرانکاریی و بێ هێزیی و شێواندن و توندوتیژیی و تیرۆر، هیچ مانایەکی نییە.
موقتەدا سەدر لەسەر پرسی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، لە تویتەری تایبەتی خۆیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رێبەری رەوتی سەدر نووسیوویەتی "رووسیا پێی وایە ئۆکراینا سەرچاوەی نیگەرانیی رۆژئاوایە دژی بەرژەوەندییەکانیی و لە هەمان کاتدا پێی وایە ئەمریکا کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر سیاسەتی ئۆکرانیا و مامەڵەکردن لەگەڵیدا".
موقتەدا سەدر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوە بیانوو نییە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و نووسیوویەتی "ئەوە بەهیچ شێوەیەک بیانوو نییە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ، هیچ کاتێک شەڕ چارەسەری کێشەکانی نەکردووە، بەڵکو هۆکارێک بووە بۆ سەرەهەڵدانی کێشە و قەیرانەکان بەتایبەتی شەڕێکی لەم شێوەیە کە گشت جیهان بەرەو شەڕێکی بێ سوود رادەگەێشێت".
موقتەدا سەدر سەرسامی خۆی نیشانداوە بەوەی هەندێک چاویان لەسەر ئەو شەرەیە و بە پەڕۆشییەوە چاوەڕێی روودانی دەکەن.
رێبەری رەوتی سەدر جەخت لە کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا کردووەتەوە و رایگەیاندووە "هێشتا چاوەڕێی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێو ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە (کریستیانە) دەکەم، جەنگ بەهیچ شێوەیەک مانای نییە".
موقتەدا سەدر باسی لە ئەزموونی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کردووە و نووسیوویەتی "ئەوەی دەیڵێم لەسەر ئەو ئەزموونە تاڵەی عێراقە لە شەڕ و ئەزموونی عەرەبی و لانی کەم ئیسلامییە کە پڕە لە جەنگ و خوێنڕشتن کە جگە لە وێرانکاریی و بێ هێزیی و شێواندن و توندوتیژیی و تیرۆر هیچ ئەنجامێکمان لێ بەدینەهێنا"
.
رێبەری رەوتی سەدر لە کۆتایی پەیامەکەیدا نزای ئاشتی بۆ سەرجەم گەڵانی جیهان کردووە و رایگەیاندووە "لە خوای گەورە داواکارم ئاسایش و ئاشتی باڵ بەسەر وڵاتانماندا بکێشێت بە رووسیا و ئۆکراینایشەوە، خودا گەلان بە دووربگرێت لە خراپەکاران و شەڕ و دابەشکاریی و پێکدادان تاوەکو لە ژێر ئاڵای ئاشتییدا بژین".
رۆژی دووشەممەی رابردوو، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دوو بڕیارنامەی لەبارەی ناسینی بەناو کۆماری دۆنێتسک و بەناو کۆماری لوھانسک واژوو کردبوو، ئەمەش کاردانەوەی فراوانی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا.
وڵاتانی رۆژئاوا ئەو هەنگاوەی مۆسکۆ بە سەرەتای راستەقینەی شەڕی رووسیا لە دژی ئۆکراینا دادەنێن.