Sarmand Hameed
11 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
کەسوکاری شەهیدانی شەڕی دژبە داعش بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەو کەلوپەلانەی کە لە لایەن دەزگایەکی خێرخوازییەوە بەسەریان دابەشکرابوو، هاوکارییەکانیان سووتاند و ئەم رووداوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
هاوکات وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا نیگەرانی خۆی لەو رووداوە نەخوازراوەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە شاری هەولێر روویدا، نیشاندا.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەسەر دابەشکردنی هاوکاری و کەلوپەل بەسەر کەسوکاری شەهیدان و کاردانەوە و نیگەرانیان لەبەرامبەر کوالێتی کەلوپەلەکان و دواتر سووتاندنی، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "ئەمڕۆ رێکخراوێکی خێرخوازی جیهانی، لە پڕۆژەیەکدا بڕیاریدا بە دابەشکردنی کۆمەڵێک کەلوپەل وەک هاوکاری بەکەسو کار و وارسی شەهیدانی شەڕی دژبە داعش. تیایدا جۆر و قەبارەی کەرەستەکان گلەیی و نیگەرانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی لێکەوتەوە".
راشیگەیاندووە، ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، نیگەرانی ئەو رووداوەین، شەهیدان وکەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن، بەئەرکی خۆمانی دەزانین، بەهەموو جۆرێک و بەباشترین شێوە خزمەتی وارسی شەهیدان بکەین.