عێراق

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پەسەند کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کۆبوویەوە و بەبێ بەشداریکردنی کورد پرۆژەیاساکە پەسەند کرا.

Hawkar Yaseen  | 12.11.2020 - نوێکردنەوە : 12.11.2020
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پەسەند کرد

Arbil

هەولێر AA

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کۆبوویەوە و بەبێ بەشداریکردنی کورد پرۆژەیاساکە پەسەند کرا.

بەپێی یاساکە رێگەدراوە بە وەزیری دارایی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ١٢ تریلیۆن دینار قەرزبکات، بەو مەرجەی لەسەدا ٢٠ی ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بێت ئەمە لە کاتێکدا پێشتر وەزیری دارایی داوای ٤١ تریلیۆن دیناری کردبوو.

نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و دەنگیان بە پرۆژەیاساکە نەدا، بەو هۆیەی دەڵێن کە ژمارەیەک بڕگە بۆ پرۆژەکە زیادکراوە کە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ ئەو رێککەوتنانەش یەکناگرێتەوە کە لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا کراوە.

دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای کاتژمێر ١٢ی شەو دەستیپێکرد و تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکە دەستپێکردنی دەنگدانی لەسەر یاساکە رایگەیاند.

دوای دەنگدان لەسەر پێنج ماددەی یەکەم (ماددەی یەکەم تاوەکو شەشەم، جگە لە ماددەی پێنجەم کە سڕایەوە)، مشتومڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان ژمارەیەک نوێنەری کورد و نوێنەرانی شیعە دروست بوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد، بەڵام دەنگدان لەسەر ماددەکانی دانیشتنەکە بەردەوام بوو تاوەکو هەموو پرۆژەیاساکە پەسەندکرا، پێشبینیش دەکرێت دوای پەسندکردنی یاساکە راستەوخۆ حکوومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.

ئامانجی سەرەکیی حکوومەتی عێراق لە ناردنی پرۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان، دابینکردن و گەرەنتیکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییە.

بەپێی دەقی یاساکە، بڕی ئەو قەرزەی رێگەدراوە وەزیری دارایی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە بیکات، لە ٤١ تریلیۆن دینارەوە بۆ ١٢ تریلیۆن کەمکراوەتەوە، بەو مەرجەی لەسەدا ٢٠ی ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بێت.

ھەروەھا یاساکە ژمارەیەکی ھەمواری لیژنەی داراییشی تێدایە، لەوانە خەمڵاندنی بڕی داھاتی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بە ١٠ تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار، ھەروەھا لیژنەی دارایی کۆی گشتی خەرجییە پێویستەکانی لەو چوار مانگەدا، بە ٢٢ تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار خەمڵاندووە، بڕی داھاتی خەمڵێنراوی نانەوتیش لەو چوار مانگەدا، بە دوو تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە.

بڕیاربوو دانیشتنەکە ئێوارەی دوێنێ ئەنجامبدرێت، بەڵام دوای ئەوەی سەرجەم فراکسیۆن کوردستانییەکان بەھۆی ناڕەزایەتییان لە راپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر پرۆژەیاساکە بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، بەو ھۆیەش ژمارەیی یاسایی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنەکە تەواو نەبوو کۆبوونەوەکە دواخرا، بەڵام درەنگانێکی شەو دوای گەڕانەوەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئامادەنەبووی شیعە و سوننە بۆ پەرلەمان دانیشتنەکە دەستی پێکرد و بەبێ کورد پرۆژیاساکە دەنگی پێدرا و کرا بە یاسا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن