Heman Hussein Yaseen
07 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان و کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس کرد.
ماڵپەڕی فەرمیی مەسعود بارزانی بڵاویکردەوە کە دوای گەیشتنی بۆ ھەولێر، پاپا فرەنسیس لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا سوپاسی تایبەتی مەسعود بارزانی کردووە بۆ پاراستنی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ھەرێمی کوردستان و ھێنانە ئارای رەوشی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوانیاندا.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە دیدارەکەدا، پاپا فرەنسیس بە بارزانی راگەیاندووە "کوردستانم لەبیر نەچووە، لەسەر داخوازی ئێوە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ھاتوومەتە ئێرە و سەردانەکەی ئێوە و سەرۆک وەزیرانم لەبیر نەچووە، ئێوە نەک پێشوازی لەمن، پێشوازیتان لە کریستیانەکانیش کرد".
باسی لەوەشکردووە کە پاپا گوتویەتی "ئێوە لەکاتی ھێرشەکانی داعش کریستیانەکانتان پاراست، ئێوە وەک برا پێشوازیشتان لە برا کریستیانەکان کرد".
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە مەسعود بارزانی ھیوای خواستووە، سەردانی پاپا فرەنسیس برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان ئایینەکان پتەوتر بکات و گوتی: "شانازی بە فەرھەنگی پێکەوەژیانی گەلی کوردستان دەکەین، فەرھەنگی پێکەوەژیانمان برایەتی و خۆشەویستی زیاتر کردووە، بەناوی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان پێشوازیت لێدەکەین و سەردانەکەی ئێوە جێگەی رێزی زۆری ئێمەیە".