Sarmand Hameed
21 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستیڤن هیكی كرد.
بارەگای بارزانی بڵاوکردەوە کە لە دیدارێکدا، ستیڤن هیكی ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری كردووە و رایگەیاندووە "بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمان سوورن لەسەر پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەكان و سەقامگیری و ئارامیی هەرێم بە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ سەقامگیری و ئارامیی عێراق و ناوچەكە دەزانن".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە دیدارەکەدا، پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، هەروەها بەرەنگارییەکانی بەردەم هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تاوتوێكراوە.
باسی لەوەیشکردووە کە لە بەشێكی دیکەی دیدارەکەدا، رۆشنایی خراوەتە سەر پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پشتیوانیی و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ سەرخستنی چاكسازی و كاراتركردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپاتكردووەتەوە.