مەسعود بارزانی و مەحموود مەشهەدانی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا'یان تاوتوێ کرد
- "جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستور کێشەکان چارەسەر بکرێن و بە هیچ شێوەیەکیش قووتی هاووڵاتیانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەکرێت".

Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مەحموود مەشهەدانی کرد.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی بارەگای بارزانی، دوخی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و بە تایبەت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەری سەرەکی دیدارەکە بووە.
بە پێی ئەم ڕاگەیاندراوە، پەیوەندیدار بە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی، "جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستور و بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان کێشەکان چارەسەر بکرێن و بە هیچ شێوەیەکیش قووتی هاووڵاتیانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم نەکرێت و بە زووترین کات کێشەی ناردنی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت".
ڕاشگەیاندراوە کە "هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەری تری ئەو دیدارە بووە".