عێراق

مەسعود بارزانی: "بەرژەوەندی گەلانی عێراق لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت"

- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی ئەمریکا بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە توركیا تۆم باراک، دۆخی عێراق و ناوچەکەی لەگەڵ تاوتوێ کرد.

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 23.02.2026 - نوێکردنەوە : 23.02.2026
مەسعود بارزانی: "بەرژەوەندی گەلانی عێراق لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت"

Arbil

هەولێر - AA

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، بەرژەوەندی گەلانی عێراق لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و جەختی لەوەش کرد کە ئەو یاسایانە لە عێراق پەسەند بکرێن کە جێبەجێبوونی بنەماكانی فیدڕاڵیزمە لە دەوڵەتی عێراقدا لەوانەش یاسای نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ی دەستوور.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی بارەگای بازرانی، لە پیرمام، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سەرۆكی ئەمریکا بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە توركیا تۆم باراک کرد.

بە پێی ئەو ڕاگەیاندراوە، لە دیدارەکەدا تۆم باراک وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی بارزانی لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا باسی لە دۆخی عێراقیش کردووە و ڕایگەیاندووە کە "وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمریكا پەیوەندی و شەراكەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت".

لە بەرامبەردا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، "بەرژەوەندی گەلانی عێراقیش هەر لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێكاندا بەرژەوەندی هاوبەشی هەبێت و شەراكەتی نێوان ئەمریكا و عێراقیش ڕەچاو بكرێت".

بارزانی هەروەها بۆ تۆم باراک ڕایگەیاندووە کە، "پێویستە حكوومەتی داهاتووی عێراق پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور و بنەماكانی فیدڕاڵیزم بێت و هەروەها لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان یاسا بۆ ئەوە بابەتانە دەربچێت كە هێشتا چارەسەر نەكراون و بۆ داهاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕبایەخن وەك یاسای نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماكانی فیدڕاڵیزم لە دەوڵەتی عێراق".

لەبارەی پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، مەسعود بارزانی بۆ نوێنەری سەرۆكی ئەمریکای ڕاگەیاندووە جەختی لە "پێویستیی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەكانی عێراق" کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆكوەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەكە تەوەری تری ئەو دیدارەکە بووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın