Sarmand Hameed
29 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری و جێبەجێکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی مەسرور بارزانی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەیبوون. گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی تەندروستیی و پلانەکانی حکوومەت کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووری هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کرد کە هەموو توانای خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ پاراستن وسەلامەتی هاووڵاتییان. جەختیشی لە دابینکردنی پێدوایستییەکانی رۆژانەی خەڵک بەتایبەتی خۆراک کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها تاوتوێی کارەکانی لیژنەی خۆراک و دەرمان کرا و جەختیش لە رێکخستنەوەی خەرجییەکان کرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی.
هەروەها ئاماژە بە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگی لە گەل حکوومەتی فیدراڵی درا.