27 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
قایمقامی شنگال ، مەحما خەلیل رایگەیاند "بەشێک لە ئاڵای چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال داگیراون بەڵام ئەوە تەنیا بەس نییە دەبێت ئەو چەکدارانە شنگال چۆل بکەن".
مەحما خەلیل گوتی: "ئێمە داوا دەکەین ئەو چەکدارە نایاساییانە شنگال چۆل بکەن و تا ئێستا تەنیا ئالایان داگرتووە و چەکدارانی پەکەکە لە چیا و لە نێو کۆمەڵگە ماون".
بەمەبەستی سەرپەرشتیکردنی بەندەکانی نێو رێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە شنگال، رۆژی چوارشەممەی رابردوو شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق گەیشتە پارێزگای نەینەوا و دواتر سەردانی لیوای ٩٢ی سوپای عێراق و ھێڵی سنووریی عێراق-سووریایان کرد.
دوای سەردانی شاندە ئەمنییەکەی عێراق بۆ شنگال، بڕیار بوو دوێنی پێنجشەممە دەست بە ئۆپەراسیونێکی ھاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ بکرێت و ھێز و چەکدارە نایاساییەکان چەکەکانیان لێ وەربگیرێت و شنگال چۆل بکەن.
لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.