Azat Muhammet
15 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2017
دهۆک-AA
قایمقامى قەزای شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند "دەیان رێکخراوى نێودەوڵەتى و چەندین وڵاتى زڵهێز ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئاوەدانکردنەوەى شنگال، بەڵـام بە هۆى بوونى پەکەکە و هێزە نادەستوورییەکانى ناوچەکە تا ئێستا دەستیان بە کارەکانیان نەکردووە".
قایمقامى شنگال، مەحما خەلیل لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو لە مەزارگەى شەرفەددین لە شارۆچکەى شنگال گوتى: "پڕۆژەکانمان بۆ شنگال و شنگالییەکان زۆرن، حکوومەتى هەرێمى کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئیدارەى شارۆچکەى شنگال ماستەر پلان ئاوەدانکردنەوەى شنگالمان داناوە و دەیان رێکخراو و وڵاتى دیکەى ناوچەکە بە هەموو جۆرێک پاڵپشتیمان دەکەن، پەنا بەخوا لە ئایندە ئەوەى ئامانجمانە بەدى دەهێنین".
مەحما خەلیل ئاوەدان نەکردنەوەى شنگال دەخاتە ئەستۆى چەکدارانى پەکەکە لە ناوچەکە و دەڵێت "بە راستى بوونى هێزە نادەستووریەکانى وەک پەکەکە بەربەستن لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەى شنگال، چونکە هەموو ئەو وڵات و رێکخراوانەى ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئاوەدانکردنەوەى شنگال، لە ترسى هەڕەشەکانى پەکەکە لە سنوورى شنگال دەستیان بە کارەکانیان نەکردووە، هەر کاتێک ئەوان لە شنگال دەرچوون، راستەوخۆ ئاوەدانکردنەوە دەستپێدەکات، زۆرینەى وڵاتان و هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژبە داعش لەو باوەڕەدان شنگال کلیلى چارەسەرى کێشەکانى عێراقە".
دەشڵێت "گومان لەوەدا نییە دواى نەمانى پەکەکە لە شنگال ئاوارەى زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەر زێدى خۆى و ژیان سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە".
قایمقامى شنگال لەبارەى وردەکارى وێرانكارییەكانی شارۆچکەکە دەڵێت "وەكو سەنتەری شنگال رێژەی ٨٥ لەسەدی وێران بووە، بە نموونە ٨ هەزار و ١٠٥ خانووی هاووڵاتییان لە شارەكە هەبوون پێنج هەزار و ٣٠٠ خانوو لەوانە ١٠٠ لەسەد وێران بوون، دوو هەزار دووكانیش هەبوون كە بە رێژەی ١٠٠ لەسەد وێران بوون، ئەو رێژە خانووەشی كە ماوەن كە نزیكەی ٣ هەزار خانووە لە ١٥ لەسەد بۆ ٥٠ لەسەد زەرەرمەند بوون، هەرچی ناوچەكانی دیكەی سەر بە شنگالن وەكو ناحییەی سنونێ و كۆمەڵگای دووگر و خانەسوور و دۆلا و ناحیەی گرعزێر و ناحیەی بلێ كە ئەم دوانەی دوایی چەند ناوچەیەکى دیکە تا ئێستا لەژێر دەستى داعش رزگارنەكراون زیاتر لە ١٠ هەزار خانووی دیكە لەو شوێنانە هاتوونەتە وێرانکراون، لە کاتى رزگارکردنى ئەو ٢٠ لە سەدییەى شارۆچکەى شنگال لە دەست داعش رێژەى وێرانى شارۆچکەکە بەرزتر دەبێتەوە".
- "ئاوەدانکردنەوەى شنگال زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلارى پێویستە"
قایمقامى شنگال، مەحما خەلیل دواى ئاماژەدان بە وێرانکارییەکانى شنگال باس لە گوژمەى پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەى شنگال دەکات و دەڵێت "گومان لەوەدا نییە ئەو زیانەى بە خەڵکى شنگال کەوت لە سەرووى هەمووشیانەوە رفاندنى هەزاران کچ و ژنى کوردى ئیزدى بە هیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵـم بابەتى ئاوەدانکردنەوەى شنگال شتێکى دیکەیە، لێرەشدا پێویستیمان بە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار هەیە تاوەکو ژێرخانى شنگال سەرلەنوێ دروست بکەینەوە، بە پێى بەیاننامەى حکوومەتى عێراق بێت داعش زیانى ٣٦ ملیار دۆلارى بە عێراق گەیاندووە، ئێمەیش زیانەکانى شنگال بە چواریەکى زیانەکانى عێراق دەزانین".
- "تاڵانکارییەکانى سەروەتى خەڵکى شنگال لە لایەن پەکەکە بێ هەژمارە"
مەحما خەلیل دواتر باس لە زیانەکانى پەکەکە دەکات لەسەر شنگال و دەڵێت "زیانى ئەوانیش زۆر بە ئازارن، چونکە ئەوان لەژێر ناوى پاراستنى ئێزدخان و شنگال فیتنە لەناو پێکهاتەکان دروست دەکەن و ئاژاوە دەنێنەوە، رۆژانە پێشێلکارى و تاوان ئەنجام دەدەن تاوەکو خەڵک بتۆقێن لە پەکەکە و نەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، نەگەڕانەوەى ئاوارەکان وا دەکات پەکەکە تەواوى ناوچەکە بۆ ئامانجى سەربازى خۆى بەکاربهێنێت".
دەشڵێت "ئیرادەى گەلى کورد و شنگالییەکان دژى مانەوەى پەکەکەن لە شنگال، هەمووان بە یەک دەنگ دەڵێن چۆن پێشمەرگە لە کۆبانێ گەڕایەوە، دەبێت پەکەکە بە هەمان شێوە لە شنگال بگەڕێتەوە، هەرچەند بە تاڵان بردنى سەروەت و سامانى هاووڵاتییانى شنگال لە لایەن پەکەکە بێ هەژمارە لە عەقڵدا نییە، بەڵام بە بێ بیرکردنەوە لە تۆڵە کردنەوە لە پەکەکە داواکارن بە ئاشتیانە دەربچن".