Azad Mohammed Abdullah
02 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2018
دهۆک - AA
قایمقامى قەزاى شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند "ئاگادارین کە ئەمریکا بنکەیەکى سەربازیى لەسەر چیاى شنگال دروست دەکات، لە بنکە سەربازییەکەى ئەمریکا دا جۆرەها چەکى قورس و سووک و مامناوەندى تێدا جێگیر کردووە".
لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو مەحما خەلیل گوتى: "لە سەرجەم سەردانەکانمان بۆ ئەمریکا نیگەرانییەکانى کوردى ئێزدى و پێکهاتەکانى سنوورى شنگالمان گەیاندە ناوەندە سیاسییەکانى ئەو وڵاتە و لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ کاربەدەست و سیاسەتمەدارانى ئەمریکادا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە شنگال پێویستی بە پاراستنی نێودەوڵەتى هەیە، سەرجەم داواکارى و پێشنیارەکانى ئیدارەى شنگالیان بە هەند وەرگرت".
گوتیشی: "ئەوەى ئێمە وەک ئیدارەى شنگال ئاگادارین جێگیربوونى ئەو هێزە ئەمریکییە لە لووتکەى میراى سەر چیا شنگال بۆ دروستکردنى بنکەیەکى گەورەى سەربازییە، کە ئەمریکا لە مێژبوو دەیویست لە ناوچەکە رێگرى بکات لەو دەستوەردانەی ئێران لە کاروبارى عێراق و هەرێمى کوردستان دەیکات".
ئاماژەى بەوەشدا کە هێزە ئەمریکییەکە جگە لە دەیان ئامێر و شۆفەل ژمارەیەکى زۆر لە چەکى قورس و سووک و مامناوەندیشیان لە لووتکەى چیاى شنگال جێگیرکردووە، وەک قایمقامى قەزاى شنگال دەڵێت "ئەمە پەیامێکى روونە بۆ چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبى کە چیدیکە نابێت لەو سنوورە بمێننەوە بۆ ئازاردانى خەڵکى بێ تاوانى سنوورەکە".
مەحما خەلیل هیواخوازە جێگربوونى ئەو هێزە ئەمریکییە و دروستکردنى بنکەیەکى سەربازیى ئەمریکى لەسەر چیاى شنگال ببێتە مایەى سەقامگیرى لە ناوچەکە و رێگرى بکات لەو هەموو پێشێلکارییانەى پەکەکە و حەشدى شەعبى بەرامبەر بە خەڵکى ناوچەکە ئەنجامى دەدەن، دەشڵێت "ئەگەر هەنگاوێکى لەو چەشنە جێبەجێ بکرێت ئەوا پاراستنى پێکهاتەکانى سنوورى شنگال بە تایبەت کوردى ئێزدى و کریستیانەکان زامن دەکات".
ھەروەھا قایمقامى قەزاى شنگال دەڵێت "پێویستە لەسەر حکوومەتى عێراق قەرەبووى سەرجەم هاووڵاتییانى زیانبەرکەوتووى سنوورى شنگال بکاتەوە کە بەهۆى حەشدى شەعبى و پەکەکەوە دواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر و تا ئێستا دیکتاتۆرانە کەوتوونەتە گیانى خەڵکى سڤیلى شنگال، پێشێلکارییەکان بریتین لە کوشتن، رفاندن، دزین و بە تاڵانبردنى ماڵ و حاڵى خەڵکی سنوورەکە".
چیاى شنگال دەکەوێتە سنوورى نێوان عێراق و سووریا، ٧٩ کیلۆمەتر درێژە و زیاتر لە هەزارو ٤٠٠ مەتر بەرزە، لە رووى سەربازییەوە بە چیاییەکى سەخت و ستراتیجی ناسراوە.