Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2018
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد ئەمین بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران و كەمبونەوەی ئاوی ناوچەكە بەو هۆیەوە، سەردانی كۆنسولخانەی ئێران لە شاری سلێمانی كرد.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركۆنسولگەری ئێران لە سلێمانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد ئەمین لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكرا كرد و گوتی: "سەردانەكەمان بە مەبەستی زانینی هۆكاری كەمبوونەوەی ئاوی زێی بچووك بوو، تاوەكو دواتر لە كۆنووسێكدا ئاراستەی بەڕێزیانی بكەین و لە رێی ئەوانەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێرانی بەرز بكەنەوە و لەسەر ئەو كۆنووسەی ئێمە كار بكەن، ئەوان دڵنیایان كردین كە ئەوانیش بە خەمن و لە رووی مرۆڤایەتیشەوە بێت ناهێڵن كێشەی كەم ئاوی لەو ناوچەیەدا دروست ببێت".
لە لای خۆیەوە كۆنسولی ئێران لە سلێمانی، سەعدوڵڵا مەسعودیان گوتی: "نیگەرانییەكانی ئێوە لە بارەی ئاو لە قەڵادزێ كەوتە بەرگوێمان و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش نیگەرانییەكانی پێگەیاندین، ئێمە و حكوومەتی عێراق سەبارەت بە حەوت رووباری سنووری رێكکەوتنامەی نووسراومان هەیە ، بەداخەوە دوو رووباری زێی بچووك و سیروان كە دەرژێنە خاكی هەرێمی كوردستانەوە بەشێك نین لەو رێكکەوتنانەی كە باس لە چۆنیەتی بەكارهێنانیان بكرێت".
مەسعودیان گوتی: "ئێمە لە ساڵی 2007ەوە تا ئێستا چەندجار داوامان لە حكوومەتی عێراقی كردووە كە رێكکەوتنامەیەك بكرێت لەسەر ئەم دوو رووبارە و تا ئێستا وەڵاممان وەرنەگرتووەتەوە، داواش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە داوا لە حكوومەتی عێراقی بكەن بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن و بڕیاردان لەسەر ئەو دوو رووبارە".
كۆنسولی ئێران لە سلێمانی لە گوتەكانیدا دڵنیایی دایە دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچەی پشدەر و راپەرین كە وڵاتەكەی بە قوڵی ئەو بابەتە ئاویانەی تاوتوێ كردووە كە بابەتێكی مرۆیین و جیاوازی لە نێوان هاووڵاتییانی خۆی و هەرێمی كوردستان ناكات، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە ئەو بەنداوەی لە شاری سەردەشت دروستكراوە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبایە و تەنها سوودی بۆ بەكارخستنی تۆڕبینەكانی بەنداوەكەیە و بەرپرسانی بەنداوەكەش دڵنیایان كردونەتەوە لەوەی ئاوەكە بەردراوەتەوە و دەگاتەوە ناوچەكانی پشدەر.
ئەو هەروەها گوتی:"سبەی لیژنەیەك رەوانەی ناوچەكە دەكەین بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی ئاوی زێیەكە لە ئێرانەوە، سەرەڕای ئەوەی هیچ رێكکەوتنێكی ئاویمان لەسەر ئەو ئاوە نییە، بەڵام مافی دانیشتووانی ناوچەكە لەسەر ئەو ئاوە پارێزراوە ".
مەسعودیان گوتیشی: "ئاوی زێی بچووك بۆ هەرێمی كوردستان نەگیراوەتەوە و بانگهێشتی بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانیمان كردووە بۆ سەردانی كردنی بەنداوەكە و دڵنیابوونەوە لەوەی ئاوی ئەو زێیە نەگیراوەتەوە، بەداخەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە هیچ رێكکەوتنێك لە نێوان هەردوو حكوومەت لەسەر ئەم دوو زێیە نییە و پێویستە بە زووترین كات ئەو رێکكەوتنە بێتە ئەنجامدان بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی دانیشتووانی ناوچەكە".
ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران دوای كاردانەوە و نیگەرانییەكان دێت كە بە هۆی كەمكردنەوەی ئاستی بەردانەوەی ئاوی زێی بچووك لە لایەن وڵاتەكەیەوە هاتووەتە كایەوە و كاریگەریی كردووەتە سەر رێژەی ئەو ئاوەی كە دەگاتە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق.
قایمقامی قەڵادزی، بەكر باییز لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی سێ رۆژ بوو ئاستی ئاوی زێی بچووك بە بەردەوامی دادەبەزی و گەیشتە ئەوەی ٨٠ سانتیمەتر دابەزێت و ئەوەش وایكرد پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ كە لەسەر زێی بچووكە پەمپەكانی بكەوێتە بۆشاییەوە و نەتوانرا ئاوی پێویست دابین بكات".
زێی بچووك رووبارێكە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و دەڕژێتە ناو رووباری دیجلە و بە هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت و دواتر دەگاتە ناوچەكانی دیكەی عێراق و لە كۆتاییدا تێكەڵ بە كەنداو دەبێت، درێژیی ئەم رووبارە ٤٠٠ كیلۆمەتر دەبێت لەنێو عێراقدا و لە بەشێكیشیدا سنووری نێوان عێراق و ئێران دیاری دەكات.
زێیەكە سێیەم لقی رووباری دیجلەیە و لە ئێرانەوە بۆ قەڵادزێ و دوكان (پارێزگای سلێمانی) لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەڕژێت تا دەگاتە ناوچەی پردێ و دواتریش باكووری بێجی، بە یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاوی پارێزگای كەركووك دادەنرێت و سەرچاوەی سەرەكیی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی پارێزگاكەیە.
چەند جارێكە ئێران ئەم ئاوە دەگرێتەوە یان رێژەی هاتنی ئاوەكەی بۆ ناو عێراق كەم دەكاتەوە.