Azat Muhammet
19 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2017
دهۆک-AA
قایمقامى شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند کە ١٣٢ مێگاوات کارەبا لە بەنداوى مووسڵەوە بۆ شارۆچکەى شنگال و تەواوى شارەدێکانى سنوورەکە دابین دەکرێت و لە چوار مانگى داهاتوودا پڕۆژەکە تەواو دەبێت، دواتر دەیان پڕۆژەى دیکەى خزمەتگوزارى لە بەردەستى ئیدارەى شنگال هەیە و پێشکەشى هاووڵاتییان دەکەن.
قایمقامى شنگال، مەحما خەلیل لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بە داخەوە هەرچەند هاوار و ناڵە و بانگەوازمان بۆ تەواوى وڵاتانى جیهان بەرزکردەوە، بەڵام وڵاتانى جیهان بە دەنگ هاوارەکانمانەوە نەهاتن و کەمتەرخەمییان کرد لە رزگارکردنى کچ و ژنانى ئێزدی ژێر دەستى داعش، بۆیە داعش بێ هەڵوێستى وڵاتانى بە هەل زانى و هەستا بە گواستەوەی دەیان کچ و ژنانى کوردى ئێزدى بۆ وڵاتانى کەنداو و ژمارەیەکى زۆر منداڵى راهێندراو و کچ و ژنانى کوردى ئێزدیان بۆ کردەوەى تیرۆریستى گواستووەتەوە ئەفغانستان، پاکستان و لیبیا کە ئەمە نیگەرانییەکى زۆری لەلای کوردانى ئێزدى لێکەوتووەتەوە".
مەحما خەلیل گوتیشى: "ئەمریکا، بەریتانیا، حکوومەتى عێراق و چەند وڵاتێکى دیکە کەمتەرخەمیان کردووە لە رزگارکردنى کچ و ژنانى ئێزدی ژێر دەستى داعش، مەبەستیش لە رزگار نەکردنییان ئاشکرانەبوونى رێکخراوى تیرۆریستى داعشە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا، ئەگەر وا نەبێت بۆچى کەسێکى ئاسایی سەر بەهاوپەیمانان دەڕفێندرێن بە زووترین کات رزگاری دەکەن، بەڵگەمان لەبەر دەستە کە تا ئێستا سێ هەزار و ٦٠٠ کەسى کوردى ئێزدى لەژێر زوڵم و ستەمى تیرۆریستانى داعشدا دەژین، کەچى هیچ هەوڵێکى نێودەوڵەتى بۆ رزگارکردنیان نەدراوە و حکوومەتى عێراقیش کەمتەرخەمى سەرەکییە، چونکە لە رزگارکردنى هەریەک لە شارەکانى فەلـلوجە، ئەنبار، روومادى، گەیارە، شەرگات، سەلاحەدین ئەوا بەشى چەپى مووسڵیش رزگار کرا لە دەست داعش، بەڵام هیچ رۆڵێکیان نەبوو لە رزگار کردنى کچ و ژنانى کوردى ئێزدى لە دەست داعش تەنها ژمارەیەکى زۆر کەم رزگار کران ئەوانیش لەلایەن خەڵکەوە گەیەندرانە دەست هێزەکانى پێشمەرگە".
مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ماوەى دوو ساڵى رابردوو تیرۆریستانى داعش زیاتر لە ٦٠٠ منداڵى کچ و کوڕى کوردى ئێزدییان مەشقداوە و راهێنانییان پێکراوە کە چۆن خۆیان دەتەقێنەوە، ئەو منداڵانە ئێستا لە توندڕەوى راهێندراون و بوونەتە چەکدارى ترسناک، داعش بۆ بەرژەوەندى خۆیان دژى هەموو ئایین و ئایینزایەک و پێکهاتەکانى بەکاریاندەهێنێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ماوەی دوو ساڵە ٦٠٠ منداڵى کچ و کوڕى کوردى ئێزدییان مەشقداوە و راهێنانییان پێکراوە کە چۆن خۆیان دەتەقێنەوە ئەگەر لەسەرەتاى داواکانمان لە وڵاتان و حکومەتى عێراق بە جددى دەستیان بە رزگارکردنى ئەو منداڵانە بکردایە، بەو قۆناغە نەخوازراوە نەدەگەیشتین".
سەبارەت بە پڕۆژەکانى ئاوەدانکردنەوەى شنگال، مەحما خەلیل گوتی: "پەکەکە هەڕەشەیەکى جددییە لەسەر تەواوى شنگال و ژیانى هاووڵاتییان، تا پەکەکە لە شنگال مابێت شارۆچکەکە ئاوەدان ناکرێتەوە، چونکە دەیان وڵاتى زلهێز و رێکخراوى نێودەوڵەتى بەڵێنیان بە ئێمە داوە کە کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەى شنگال دەکەن و سەرلە نوێ شنگال ئاوەدان دەکەنەوە، بەڵام بە مەرجێک چەکدارانى پەکەکە و لقەکانى لە ناوچەکە نەمێنن. ئەندازیاران و کارمەندى رێکخراوەکان سەقامگیرى ناوچەکە بە مەرجى سەرکەوتنى کارەکانییان دەزانن، بوونى پەکەکەش لە شنگال گەرەنتى سەقامگیرى بۆ هیچ لایەک نەهێشتووەتەوە".
مەحما خەلیل گوتیشی: "خۆشبەختانە لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان ماستەرپلانى ئاوەدانکردنەوەى شنگال داڕێژراوە و هاوپەیمانانیش لەسەر هێڵن بۆ ئەوەى لە چوارچێوەى ئەو ماستەرپلانە کارەکانییان بکەن. شنگال دەبێتە یەکەم قەزا لەسەر ئاستى عێراق کە لەسەر نەخشەیەکى ئەندازەیی بازنەیی دروست دەکرێتەوە، پێنج ئەندازیارى پسپۆڕ سەرپەرشتى داڕشتنى نەخشەى شنگال دەکەن و ٤٠ ئەندازیاریش خۆبەخشانە پاڵپشتى سەرخستنى پڕۆژەکە دەکەن، دواى نەمانى پەکەکە پەنا بە خوا هەموو پڕۆژەکان دەست بە کارەکانییان دەکەن".
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل هێماى بۆ بونیادنانەوەی لایەنى مرۆیی کرد و گوتى: "دواى ئاوەدانکردنەوەى شنگال لە رووى ژێرخانەوە، پێویستە لایەنى مرۆیی دانیشتووانى شنگال جارێکى دیکە بونیادبندرێتەوە، چونکە هەموو چین و توێژەکانى شنگال تووشى نەهامەتییەکى زۆر گەورە بوون لەسەر دەستى داعش، لەوانەیە لە نێوان هەندێک پێکهاتە رق و کینە کەوتبێتە نێوانیان بۆیە دەبێت ئەم حاڵەتانەیش بنبڕ بکرێن و دۆخەکە بگەڕێنەوە بۆ دۆخى پێش هاتنى داعش".
ناوبراو پڕۆژەى دابینکردنى کارەبا بۆ شنگال بە سەرەتایەکى گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت "دابینکردنى کارەبا بۆ شنگال و شارەدێکانى سنوونێ و رەبیعە و تەواوى سنوورەکە دەبێتە دەستپێکێکى گرنگ و بەسوود بۆ ئەوەى پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانى دیکەش سەرکەوتووبن، جێگەى خۆشحاڵییە کە یونامى بە هەماهەنگییەکى تەواو لەگەڵ ئیدارەى شنگال و وەزارەتى کارەباى حکومەتى عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێم بڕیارى دابینکردنى کارەباى داوە بۆ شارۆچکەى شنگال".
لە کۆتایی قسەکانیدا مەحما خەلیل گوتی: "کارەباکە ١٣٢مێگاواتە و لە بەنداوى مووسڵ بەرهەم دەهێندرێت. بە درێژایی ٤٣ کیلۆمەتر بەرەو قەزای شنگال رادەکێشرێت و لە رێگەى دوو هێڵەوە دەگەیەندرێتە هاووڵاتییان کە هێڵێک بۆ ناوەندى شارۆچکەى شنگالە و ئەوەی دیکەشیان بۆ شارەدێى سنوونێیە. چوار مانگ دەستنیشانکراوە بۆ تەواو کردنى پڕۆژەکە، دواى تەواو بوونى ئەو قۆناغەش قۆناغى دابینکردنى ئاو و کەلوپەل بۆ هاووڵاتییان دەستپێدەکات و پێشبینى دەکەین دواى ئەم قۆناغە گۆڕانکارییەکى گەورە لە ناوچەکە بێتە ئاراوە، هەڵبەت ئەگەر پەکەکە کێشەمان بۆ دروست نەکات".