Sarmand Hameed
01 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالی کرد و داواشیکرد، ھێزە بیانییەکان بەتایبەت چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سنووری قەزاکەدا بچنە دەرەوە.
مەحما خەلیل لە راگەیاندراوێکدا کە بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی بڵاویکردەوە، رایگەیاند "شنگال شایەنی ئەوەیە لە واقیعە ئازاربەخشەکەی دەربھێنرێت و لە قوربانیدانەکەی قەرەبوو بکرێتەوە، ئەو قەرەبووکردنەوەیەش تەنھا بە گەڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ سەر زێدی خۆیان دەبێت، چونکە خەڵکەکەی بەدەست دەربەدەری و ئاوارەییەوە دەناڵێنێت، ھەروەھا ئەو قەرەبووکردنەوەیە لە رێگەی بوژاندنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکان دەکرێت".
مەحما خەلیل جەختیشی کردەوە، پێویستە ناوچەکەیان لە ململانێ دووربخرێتەوە و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سنووری ئەو قەزایەدا بچنە دەرەوە.
قایمقامی شنگال داوای بە پارێزگاربوونی شارەکەی کردووە و جەختی لە پێویستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر زێدی خۆیان و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی خەڵکەکەی و بنیاتنانەوەی ژێرخانی قەزاکەی کردووە.
قایمقامی قەزای شنگال، مەحما خەلیل لە کۆتایی راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەو داواکارییانە بەبێ بوونی ھەوڵێکی ھاوبەش لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەدی نایەن، کە ھەوڵەکانیان جێگای سوپاسن" و رایگەیاند "پێویستە ھێزە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان، مەرجەعە ئایینییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیی و مرۆییەکان ھەوڵەکانیان بۆ گەراندنەوەی ژیان بۆ ئەو قەزایە یەکبخەن".
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارەبووبوون، داوایان دەکرد کە ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆل بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەموار لە کەمپەکاندا دەژین.