Zana Natık Kerem
04 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2019
بەغدا ــ AA
منارەی ملوییەکەی سامەڕا کە تەمەنی ھەزار ساڵە و بە یەکێک لە شوێنەوارە دیار و بەرچاوەکان لە عێراق ناسراوە، بە ھۆی پشتگوێ خستنییەوە، خەریکە دادەڕوخێت.
ملوییەی سامەڕا لە عێراق مێژووی بنیاتنانەکەی بۆ سەردەمی عەباسییەکان دەگەڕێتەوە و لە ساڵی نەودەکانەوە لە لایەن رێکخراوی یونسکۆوە خراوەتە لیستی سوورەوە کە تایبەتە بە شوێنەراوەکانی جیھان.
ھاوکات شوێنەوارناسان ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە منارەی ملوییەکەی سامەڕا باشترین شوێنەوارە کە لە لایەن عەباسییەکانەوە لە ساڵانی نێوان ٨٤٨ ــ ٨٥٢ پێش زایین بنیاتنراوە.
لە بنەڕەتدا منارەکەی مزگەوتی سامەڕا لە لایەن خەلیفەی عەباسی، متەوەکل عەلی للە لە رۆژئاوای سامەڕا دروستکراوە کە بە گەورەترین مزگەوت لە جیھانی ئیسلامی ھەژمار دەکرێت.
ملوییەی سامەڕا، لەسەر شێوەی لوولە دروستکراوە کە بەرزاییەکەی ٥٢ مەترە کە بە دووری ٢٧،٢٥ مەتر دەکەوێتە باکووری مزگەوتەکە.
ــ نۆژەنکردنەوەی مزگەوت و منارەی ملوییەی سامەڕا
بە ھۆی ئەوەی بە درێژایی دەیەکانی رابردوو، مزگەوت و منارەی ملوییەی سامەڕا خراپبوون و داڕووخاون، بەردەوام پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە.
لەمبارەیەوە مێژوونووسی عێراقی، عومەر محەمەد ھۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ملوییەی سامەڕا نۆژەن نەکرێتەوە ئەوە دڕووخێت.
عومەر محەمەد گوتی: "ئەگەر بەردەوام ملوییەی سامەڕا نۆژەن نەکرێتەوە، ئەوە زوو یان دەرنگ دڕووخێت".
ــ ملوییەی سامەڕا خراوەتە لیستی سوورەوە
لەمبارەیەوە گوتەبێژی نووسینگەی رێکخراوی یونسکۆ لە بەغدا، زیا سوبحی رایگەیاند لە ساڵی ٢٠٠٣وە منارەی ملوییەکەی سامەڕا پێویستی بە نۆژەنکردنەوە ھەیە.
زیا سوبحی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی نەوەدکانی سەدەی رابردووە، منارەی ملوییەکەی سامەڕا لە لایەن رێکخراوی یونسکۆوە خراوەتە لیستی سوورە کە تایبەت بە ھۆشداری لەمەڕ بوونی مەترسی لەسەر داڕووخانی شوێنەوارەکان لە جیھان".
بەڕێوەبەری نووسینگەی یونسکۆ لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا کە لەبارەی گرنگی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان لەنێویاندا منارەی ملوییەکەی سامەڕا، رێکخراوەکەی راپۆرتی داوەتە حکوومەتی عێراق.
ــ گرنگیدان بە شوێنەوارە گەشتیارییەکان
گەشتیاری ئاینی لە عێراق، گەورەترین پشکی لە گرنگیدان لە رووی گەشتیارییەوە بەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا شوێنەوارە گەشتیارییەکان پێویستیان بە گرنگی زیاتر ھەیە.
لەمبارەیەوە مامۆستای یاریدەدەر لە کۆڵیژی شوێنەوارناسی لە زانکۆی سامەڕا، عومەر ئەحمەد وا بە پێویست دەزانێت کە ھەوڵەکان زیاتر بۆ گرنگیدان بە شوێنەوارە گەشتیارییەکان بخرێتە گەڕ و گوتی: "شوێنەوارە گەشتیارییەکان لە عێراق بە تایبەتیش ئەو شوێنەوارە ئاینییەکان پێویستیان بەوەیە لە رووی نۆژەنکردنەوە زیاتر گرنگیان پێ بدرێت".
لە ئێستادا منارەی ملوییەکەی سامەڕا، گەشتیارێکی زۆر لە دەرەوە و ناوەی عێراق رووی تێ دەکەن.