Zana Natık Kerem
24 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نابن و جەختیشی کردووە لەسەر ئەوەی کە ھەر کارمەندێکی ئەمنی و سەربازیی رێنماییە چەسپاوەکان پێشێل بکات، ئەوا سزای توند دەدرێت.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی پەیامێکی توندی ئاراستەی سەرجەم دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان کردووە و رایگەیاندووە "نابێت ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان تێکەڵ بە ململانێ سیاسیەکان بن و ببن بە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان، بەڵکو دەبێت ئەوان بەردەوام ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن کە ئەوەیش بریتییە لە پاراستنی عێراق و تواناکانی، ھەروەھا پیرۆزیی خوێنی عێراقییەکانە".
ھەروەھا راشیگەیاندووە کە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریداوە ھەر کارمەندێکی ئەمنی و سەربازیی رێنماییە چەسپاوەکان پێشێل بکات، ئەوا سزای توند بدرێت و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ھەموو یەکە ئەمنی و سەربازییەکان، رێکاری ورد بەرامبەر کارمەندەکانیان بگرنەبەر و رێکارە یاساییەکان بەرامبەر سەرپێچیکاران جێبەجێ بکەن.
باسی لەوەش کردووە کە مستەفا کازمی بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوی سیاسیی لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان قەدەغەکردووە و رایگەیاندووە "قەدەغەیە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان بەیاننامە دەربکەن کە مۆرکی سیاسیی پێوە دیار بێت و پێشێلکاریی بکەن و دەبێت ھەر دامەزاوەیەکی ئەمنی و سەربازیی پابەندی چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان بێت".