Zana Natık Kerem
24 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەکە دوو تەوەر لەخۆدەگرێت کە یەکەمیان تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی راپۆرتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاوی پاک بۆ ھاووڵاتییان، ھەروەھا بەربەست و کێشەکان، پێشنیاز و چارەسەر بۆیان.
راشیگەیاندووە لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، زانیاری سەبارەت بە پرۆژەکانی خزمەتگوزاری گشتیی کە لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا جێبەجێکراون یان لە قۆناغی جێبەجێکردندان و لە داشبۆردی پرۆژەکان کە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە کاری لەسەر کراوە، دەخرێتەڕوو.