Zana Natık Kerem
11 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەندەری فاو، دەبێتە مایەی پتەوترکردنی پێگەی جیۆسیاسی عێراق لە ناوچەکە و جیھان.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی لە میانی رێورەسمی دانانی بەردی بناغەی بەندەری فاوی گەورە گوتی:
"ئەمڕۆ دەستکردن بە پڕۆژەیەکی ستراتیجیی گرنگ رادەگەیەنێن کە چەند ساڵێکە ھاووڵاتییان چاوەڕوانی بوون کە ئەوەیش بەندەری فاوی گەورەیە".
راشیگەیاندووە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە، دەبێتە مایەی پتەوترکردنی پێگەی جیۆسیاسی عێراق لە ناوچەکە و جیھان، جگە لەوەیش دەرفەتی کاریش بۆ ھاووڵاتییانی بەسرە و پارێزگاکانی دیکە دەرخسێنێت و دەبێتە مایەی گەشەپێدانی پارێزگاکە و گوتی:
"کەسانێکی زۆر بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، گرەوییان لەسەر شکستھێنانی پڕۆژەکە کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمی دەستدەکرێت بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە نەک ھەر بۆ پارێزگای بەسرە، بەڵکو بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق پرۆژەیەکی ستراتیجیی گرنگە و دەبێتە مایەی پردێکی ئابووریی کە عێراق بە ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە دەبەستێتەوە و گوتی:
"لەبەردەم قۆناغێکی نوێدان کە خۆی لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان و ھەنگاونان بەرەو بنیاتنانەوە، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەبینێتەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گەیشتبووە پارێزگای بەسرە و لە میانیدا بەردی بناغەی پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورەی دانا.