Zana Natık Kerem
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دەستگیرکردنی ژمارەیەک تیرۆریست کە تێوەگلاون لە ھێرشەکەی سەر خاڵێکی سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێم باکووری پارێزگای دیالە راگەیاند و گوتی: "تیرۆریستان جێگایان لە عێراق نابێتەوە".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاندووە کە لە میانی ھەفتەی رابردوودا، ھێزە ئەمنییەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر تیرۆریستاندا، تۆمارکردووە و گوتوویەتی "ھێزە ئەمنییەکان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی پاکسازیکردنی ناحیەی عوزێم لە تیرۆریستان ئەنجامداوە".
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئاشکرای کردووە کە ھێزی ئاسمانیی عێراق لە میانی زنجیرەیەک ھێرشدا، ژمارەیەک حەشارگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لە ژمارەیەک ناوچە بۆردومان کردووە و لە ئاکامدا، ژمارەیەک تیرۆریست کوژراون کە لەنێویاندا ژمارەیەک گەورە تیرۆریست ھەن.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە مستەفا کازمی باسی لەو سەردانەی کردووە کە لە ھەفتەی رابردوودا بۆ ناوچە سنوورییەکانی باکووری رۆژئاوای عێراق ئەنجامی داوە و گوتوویەتی "لە سەردانەکەمدا، ھێزە ئەمنییەکانمان راسپارد کە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ رێگەرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی ژمارەیەک تیرۆریست کە تێوەگلاون لە ھێرشەکەی سەر خاڵێکی سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێم راگەیاندووە و گوتوویەتی "تیرۆریستان جێگایان لە عێراق نابێتەوە".
٢١ی ئەم مانگە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان کردە سهر خاڵێکی هێزەکانی سوپای عێراق لە ناحیهی عوزێم باکووری پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و له ئاكامدا، ئەفسەرێک و ١٠ سەرباز کوژران.