Zana Natık Kerem
25 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی رایگەیاند کە دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەران ھێڵی سوورە.
محەممەد حەلبووسی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ژمارەیەک پێشنیازی بۆ چارەسەرکردنی رەوشی ئابووریی و دارایی عێراق خستووەتەڕوو و نووسیوویەتی: "عێراق پێویستی بە چەند شتێک ھەیە بۆ ئەوەی خۆی لە قەیرانی ئابووری و دارایی رزگاربکات لەوانە گەڕان بەدوای سەرچاوەی ئابووریی دیکە و بەھێزکردنی دەسەڵاتی یاسا لە دەروازە سنوورییەکان و رێگرتن لە قاچاغبردن، ھەروەھا زیادکردنی داھاتی نانەوتی، کردنەوەی ھەلی وەبەرھێنانی راستەقینە بۆ دابینکردنی کار بۆ بێکاران لەگەڵ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتییان".
راشیگەیاندووە: "لەژێر دروشمی چاکسازی ئابووریی، مووچەی فەرمانبەران کراوەتە ئامانجی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی ئەوەشی نووسیووە: "دادپەروەریی کۆمەڵایەتی خۆی لەمەدا دەبێنێتەوە کە مووچەی پلە باڵاکان کەم بکرێتەوە، ھەورەھا فەرمانبەرانی بندیوار و دوو مووچەیی نەھێڵدرێت و دەست نەبرێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی".