عێراق

مانگرتنی گشتی لە چوار شاری عێراق راگەیەندرا

- لەسەر داوای خۆپیشاندەران، مانگرتنی گشتی لە فەرمانگە حكوومییەكان لە چوار شاری ناوەڕاست و باشووری عێراق راگەیەندرا، هەروەها فرۆشگاكانیش داخران.

Haydar Karaalp  | 17.11.2019 - نوێکردنەوە : 18.11.2019
مانگرتنی گشتی لە چوار شاری عێراق راگەیەندرا

ırak

بەغدا ــ AA

لەسەر داوای خۆپیشاندەران، ئەمڕۆ یەكشەممە مانگرتنی گشتی لە فەرمانگە حكوومییەكان لە چوار شاری ناوەڕاست و باشووری عێراق راگەیەندرا، هەروەها فرۆشگاكانیش داخران.

دوێنێ‌ شەممە خۆپیشاندەران داوایان لەسەرجەم فەرمانبەران و خاون كۆمپانیاكان كردبوو كە ئەمڕۆ یەكشەممە دەست لە كارهەڵبگرن و مانگرتنی گشتی رابگەیەنن، ئەویش وەك پاڵپشتیكردن لە خۆپیشاندانەكان.

هاوكات وەك پاڵپشتیكردن لە خۆپیشاندەران، ئەمڕۆ دەوامی فەرمی لە دامەزراوە حكوومییەكاندا لە پارێزگاكانی نەجەف، بابل، میسان و زیقار كرانە پشوو.

لەوبارەوە خۆپیشاندەرێك لە نەجەف بە ناوی رافد جەمالی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە سەرجەم فرۆشگا بازرگانییەكان لە ناوەڕاستی نەجەف داخراون و خاونەكانیان لەسەر فرۆشگانیاندا بە دروشم نووسیویانە: "پاڵپشتی لە خۆپیشاندەران دەكەین".

رافد جەمالی گوتیشی: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممەوە، خۆپیشاندەرێكی زۆر روویان لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان كردووە لە ناوەڕاستی شاری نەجەف كە لە نێویاندا فەرمانبەرانی حكوومی هەن".

لە لایەکی دیکەوە یەكێك لە خۆپیشاندەرانی بەسرە بە ناوی عەلی عەبدولەتیف رایگەیاند كە بەهەمان شێوە لەسەر داوای خۆپیشاندەران دەست بە مانگرتنی گشتی كراوە لە بەسرە و زۆربەی رێگە سەرەكییەكانی شارەكە داخراون.

عەلی عەبدولەتیف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەكرد كە زۆربەی رێگە سەرەكییەكانی ناوەڕاستی بەسرە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراون و فەرمانبەرێكی زۆریش مانگرتنی گشتییان راگەیاندووە و هاتوونەتە نێو خۆپیشاندانەكانەوە.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە تا ئێستا خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێودەچێت و بەپێی دوایین ئامار كە كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە میانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە قوربانی، گەیشتووەتە ٣٣٥ كوژراو و ١٥ هەزار بریندار كە لە نێویاندا كارمەندی ئەمنی هەن.

سەرەتای خۆپیشاندەران داوای باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، دابینكردنی ھەلی كار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیان دەكرد، بەڵام دواتر بەھۆی بەكارھێنانی زەبر و زەنگ لەبەرامبەریان و كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران بەو ھۆیەوە، ئاستی داواكانیان گۆڕی بۆ دەستلەكار كێشانەوەی حكوومەت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın