Heman Hussein Yaseen
17 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2022
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشانگای خانووبەرە و وەبەرھێنان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا، ١٨٠ کۆمپانیا لە تورکیا، ئێران، یۆنان، عومان، ئیمارات، میسر، لوبنان، ئەڵمانیا، چین، ئیتاڵیا، بەریتانیا و مالیزیا بەشدارن.
مەسرور بارزانی لە میانی کردنەوەی پێشانگاکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە توانای ئەندازیاری خۆماڵی لە بەشێکی زۆری پڕۆژەکاندا مایەی دڵخۆشییە و گوتی:
"کردنەوەی ئەم پێشانگایە زۆر دڵخۆشی کردم، چونکە بەشێک لەو خاوەن پڕۆژانەی کە بەشداری ئەم پێشانگایەن، باسیان لەوە کرد کە پڕۆژە بیناسازییەکان بە توانای ئەندازیار و دیزایینەری خۆماڵی بونیادنراوە".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگییدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون کرد و گوتی: "ئارامی، تەبایی و ئاسایش، بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر روو لە ھەرێمی کوردستان بکات و لێی نیشتەجێ بێت، گرنگی بە کەرتی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام ھەندێک لە پڕۆژەکان بێ کەموکوڕی نەبوون، لەو کابینەیەدا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا، دەبێت ماستەر پلان و مەرجەکانی حکوومەت و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ ھاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە ساڵانی رابردوو لە کابینەکانی پێشووتری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی وەبەرھێنان و تەلارسازی دراوە و گوتی: "لەم کابینەیەشدا جەختمان کردووەتە سەر ئەوەی ماستەر پلانی شارەکان لەبەرچاو بگیرێت و پڕۆژەکان خزمەت بە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بگەیەنێت، لەم کابینەیەدا ھاووڵاتی جێی بایەخی سەرەکیی حکوومەتە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ھەولێر دەتوانێت ببێتە یەکەم شار لە جیھان کە کۆنترین و نوێترین شێوازی تەلارسازی تیایدا دروست دەکرێت، بێگومان شارەکانی دیکەی کوردستانیش تایبەتمەندی خۆیان ھەیە، گرنگی زیاتر بە خانووبەرە و ئاوەدانی لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەردەوام بێت، ھەندێک شت دەبێت زیاتر لەبەرچاو بگیرێت لە رووی کوالێتی و سەوزایی و ئەو مەوادانەی بەکاری دەھێنن، داوا دەکەم ئەو شتانە بەپێی ستانداردێکی نێودەوڵەتی بێت، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام بووە ھاوکاری کەرتی تایبەت و گشتی کردووە، بەڵام دەکرێت ھەنگاوی باشتر بنێین".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر شێوازی ھەندێک لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان ھەبوو بەتایبەت لەبارەی نزیکی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەیەکتر و کەمی سەوزایی لە پڕۆژەکان و تیایدا و گوتی: "لە دونیا کەشوھەوا گۆڕانکارییەکی خێرا بەخۆوە دەبینێت و ئەمەش وا دەکات بە بیابانبوون و وشکەساڵی ھەبێت، دەبێت خۆمان بگونجێنین، چۆن دەتوانین لە بابەتی وەبەرھێنانیش یارمەتی ئەو بابەتە بدەین، زۆرجار بینیوومە رووبەری سەوزایی لە پڕۆژەکان کراوەتە قەرەبوو یان قوربانی بۆ زیاترکردنی پڕۆژەکان، ئەمە نابێت بەردەوام بێت، ئەمڕۆش سەردانی ھەندێک لە پڕۆژەکانم کرد، بینیم خانووەکان زۆر لە یەکتر نزیکن، ھیچ بوارێک بۆ سەوزایی یان نەفەسکێشانێک تیایدا نەماوەتەوە، ئەمە دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت، داواش دەکەم ھەتا ئەو وەبەرھێنەرانەی کە دەستیشیان بە پڕۆژەکانییان کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن، چونکە خانوویەکی زیاتر مانای ئەوە نییە سیمایەک و ژینگەیەکی تەندروستتر دروست بکرێت و دەبێت خزمەتگوزاری و مەرجە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگیرێت بە تایبەت کەسێکی خاوەنپێداویستی تایبەت چۆن بگاتە نھۆمی سەرەوەی پڕۆژەیەک، نابێت بیر لە زیادبوونی یەکەی نیشتەجێبوون بکرێتەوە بەبێ زیادبوونی خزمەتگوزاریی".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "دەبێت بابەتی کوالێتی بۆ ئاگرکەوتنەوە، بوومەلەرزە و لافاو لەبەرچاو بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت تەنیا سەیری بازرگانیکردن بە پڕۆژەکانەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت لەناو پڕۆژەکان بنکەی تەندروستی و قوتابخانە ھەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کرێچییان کرد و گوتی: "بڕیارمانداوە ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ھاووڵاتییان بە نرخی کەم و درێژخایەن بۆ ئەو بەڕێزانەیە کە توانای ماددییان کەمە بتوانن سوودمەندبن و داواشم کردووە دەبێت ئەم یەکانە بە کوالێتییەکی باش و خزمەتگوزارییەوە پێشکەش بکرێت و رێژەی کرێچیی کەم بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت تەنیا دروستکردنی خانوو و تەلارسازی بەس نییە، بەڵکو دەبێت وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازییدا بکەین".
پێشانگاکە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت و لە میانی ئەو چوار رۆژەدا، پێشبینی دەکرێت چەندین مامەڵەی بازرگانی ئەنجام بدرێت.