Haydar Karaalp
23 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2022
بەغدا – AA
سەرکردەکانی تورکمان بە ئاماژەدان بەوەی کە لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق وەزارەت نەدراوە بە تورکمانەکان، داوا دەکەن چاو بەو بڕیارەدا بخشێندرێتەوە.
سەرکردەکانی تورکمان لە باڵەخانەی بەرەی تورکمانی عێراقی لە بەغدا کۆبوونەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان رێکخست.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، حەسەن توران رایگەیاند: "پێنەدانی وەزارەت لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە تورکمانەکان لە کاتێکدا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی یەکگرتوویی عێراق، تورکمانەکان رۆڵیان هەبووە، مایەی سەرسوڕمانە".
توران داوای لەو لایەنە سیاسییانە کرد کە لە دانوستاندان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت چاو بەو بڕیارەدا بخشێننەوە کە تورکمانەکانی نادیدە گرتووە و گوتی: "داوا لە نوێنەرایەتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و گوشار بخاتە سەر لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی نوێنەری تورکمانەکانیش هەبێت لە کابینەی نوێدا".
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی تورکمانی، ئەرشەد ساڵحی داوای لە راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کرد نوێنەری تورکمانەکان لەنێو حکوومەت و دەوڵەتدا هەبێت.
لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا، سیاسەتمەداری کورد، عەبدوللەتیف رەشید بە سەرکۆماری عێراق هەڵبژێردرا و محەمەد شیاع سوودانی-یش راسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
بەپێی دەستوور پێویستە سوودانی لە میانی ٤٠ رۆژدا، کابینەکەی پێک بهێنێت و لیستی ئەندامانی کابینەکەی پێشکەش بە پەرلەمان بکات.