Zana Natık Kerem
16 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2024
ھەولێر ــ AA
خەڵکی هەڵەبجە بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی شارەکەیان، لە سەر مەزاری قوربانییەکان و هەروەها لە مۆنیۆمێنتی شارەکە کۆبوونەوە.
لە بەرەبەیانی زووە، وەک هەموو ساڵێک، کەسوکاری قوربانیان و هاووڵاتیانی هەڵەبجە و هەروەها شار و شارۆچکەکانی نزیکی، بە لەبەرکردنی جلی نەریتی و بەدەستگرتنی گوڵ و ئاڵای کوردستان، بەرەو مەزاری قوربانیانی شارەکە ڕۆیشتن.
کاتژمێر ١٠:٠٠ ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ٣٦ ساڵەی کیمیارانی ھەڵەبجە دەستی پێکرد و خەڵکی شارەکە، کەسوکاری قوربانییانی کارەساتەکە، بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەران و کۆنسولی وڵاتان لە ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربوون و تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزاری شەھیدان دانا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، ھاووڵاتییان و بەرپرسان و نوێنەرانی وڵاتان بە جیا سەردانی مۆنیۆمێنتی ھەڵەبجەیان کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چیرۆکی کارەساتەکە بە چاوی خۆیان ببینن.
کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە ڕۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا و لە ئاکامدا، زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی شەھیدبوون و سەدان کەسی دیكەش برینداربوون و ساڵانەش لەم ڕۆژەدا، یادی ئەو کارەساتە دەکرێتەوە.