هه‌ولێر - AA
دوای ڕووداوی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی پێشووتری عێراق له ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، وێرای شه‌هیدبوونی پێنج هه‌زار هاووڵاتیی شاره‌كه و برینداربوونی زیاتر له ٧٠٠ هاووڵاتیی، ئه‌وا ژماره‌یه‌ك منداڵیش له كاره‌ساته‌كه ونبوون و تا ئێستاش كه‌سوكاری منداڵانه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان به‌دوای چاره‌نووسی ئه‌و منداڵانه‌وه‌ن.
له سی ساڵی ڕابردووه‌وه، چه‌ندجارێك هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی منداڵانی هه‌ڵه‌بجه بڵاوده‌كرایه‌وه و ئه‌مه‌ش دوای ڕێكاره‌كان له‌لایه‌ن ڕێكخراو و نه‌خۆشخانه‌كان، گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌كه‌وته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش له ساڵی ٢٠٢٢، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا به پێكهێنانی بۆڕدێك به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و ئه‌ندامییه‌تی هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی داد، ناوخۆ، ته‌ندروستی و كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و یاسایی بتوانن پشكنینه‌كان بۆ ئه‌و منداڵانه ئه‌نجام بده‌ن كه سۆراخێكیان ده‌ست ده‌كه‌وێت.
سه‌رۆكی پێشووی ڕێكخراوی منداڵه ونبووه‌كانی #هه‌ڵه‌بجه، شه‌ونم عه‌بدوڵڵا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی 👇
— Anadolu Soranî (@aasorani) March 16, 2024
دوای ٣٦ ساڵ هێشتا سۆراخی دەیان منداڵی ونبووی هه‌ڵه‌بجه بەردەوامە https://t.co/mZArtBclRA pic.twitter.com/INjmZmpPRu
به گوته‌ی سكرتێری بۆرده‌كه، ١١٨ منداڵی ونبووی هه‌ڵه‌بجه هه‌یه و خه‌ریكی سۆراخی چاره‌نووسی ئه‌و منداڵانه‌ن، جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه له‌دوو مانگی ڕابردوودا شاندێكی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌ردانی ئێرانی‌یان كردووه. هاوكات سه‌رۆكی پێشووی ڕێكخراوی منداڵه ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له‌لای ئه‌وان ٧٤ سكاڵا بۆ سۆراخی ٢١١ منداڵی ونبووی هه‌ڵه‌بجه تۆمار كراون.
سكرتێری بۆڕدی تایبه‌ت به یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی منداڵه ونبووه‌كان، عادل مه‌لا ساڵح له لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەم بۆردە ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراوە بۆ دۆزینەوە و سۆراخی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، لەو کاتەوە دوو دۆسیەمان هەبووە کە لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و ئامێرەکانی پشکنینی دی ئێن ئەی ئەنجامدراون، لەپاش ئەوەی داواکاران لە دادگای هەڵەبجەوە سکاڵایان تۆمار کرد و گەیشتە ئێمە، بۆردەکە كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌مباره‌یه‌وه ئه‌نجامدا و دۆسیه‌كه‌ی نارد بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ڕێکارەکان ئەنجامدرا و دواتر نوسراوێكمان ئاراستەی دادگا کرده‌وه''.
عادل مه‌لا ساڵح گوتیشی: ''زیاتر لە ١١٨ منداڵی ونبووی هەڵەبجە هه‌یه، پێشتر ژمارەیەک منداڵ دۆزرانه‌وه و پشکنینیان بۆ ئه‌نجامدرا، بەڵام بەداخەوە پشکنینەکان کت و مت دەرنەچوون و گرفتی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە، بۆیە وەزارەت و حکوومەت بە پێویستیان زانی ئەم بۆردە دابمەزرێنن چونکە پێشتر ڕێکخراو یان نه‌خۆشخانە به‌م كاره هه‌ڵده‌ستا، بۆیه ئه‌م بۆرده بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه دۆسییه‌كان به ته‌واوی یه‌كلایی بكاته‌وه و ئه‌ركه‌كه له ئه‌ستۆ بگرێت''.
له‌باره‌ی چۆنییەتی شێوازی پێشكه‌شكردنی داواكارییه‌كان، عادل مه‌لا ساڵح گوتی: ''ڕێکارەکان سەرەتا لە دادگای هه‌ڵه‌بجه دەست پێدەکات و دواتر دادگا داوا لە ئێمە دەکات و پاشان بۆردەکە کۆدەبێتەوە و وەزارەتی ناوخۆ بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت بۆ ئه‌نجامدانی پشكنینه‌كه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی، تا ئه‌م پڕۆسه‌یه ته‌واو ده‌بێت منداڵەکە لە ئەستۆی وەزارەتی کار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی دەبێت. ئەگەر هات و ئه‌نجامه‌كه ده‌ریخست كه منداڵه ونبووه‌كه، ونبووی هه‌ڵه‌بجه‌یه ئه‌وا وەزارەتی ناوخۆ ڕەگەزنامەی پێدەدات''.
عادل مه‌لا ساڵح گوتیشی: ''شاندێکی وەزارەتی كاروباری شه‌هیدان ئه‌نفالكراوان، به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیر، عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حموود، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سەردانی ئێرانی کرد و لەوێ لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان و بەتایبەتی دەزگای بونیادی شەهیدی ئێرانی کۆبووەوە، بە ئامانجی سۆراخ و گەڕان بەدوای منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی لە نەخۆشخانەکان بوونە لە کاتی کیمیابارانەکە سۆراخیان بزانین، ئەوانیش وه‌ڵامی باشیان هەبوو بۆ داواكارییه‌كه‌ی ئێمه''.
سه‌رۆكی پێشووی ڕێكخراوی منداڵه ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه و هاوكات خاوه‌نی پێنج خوشك و برا و دوو منداڵی ونبوو له كاره‌ساته‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ٧٤ سكاڵا بۆ ٢١١ منداڵی ونبوو تۆماركراون و جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه ژماره‌كه زیاتره به‌ڵام كه‌سوكاری منداڵه ونبووه‌كان به‌هۆی خراپی ڕێكاره‌كانی پشكنینه‌وه سكاڵا تۆمار ناكه‌ن.
سه‌رۆكی پێشووی ڕێكخراوی منداڵه ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه، شه‌ونم عه‌بدوڵڵا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ماوه‌ی شه‌ش ساڵ وه‌ك دایكێكی دڵبریندار هه‌موو هه‌واڵه‌كانی خۆم خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه ونبووه‌كان به كه‌سوكاریان شاد بكه‌ینه‌وه به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی بوودجه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه نه‌مانتوانی درێژه‌ی پێ بده‌ین، ئه‌گه‌رچی له ده‌رگای هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانماندا به‌بێ جیاوازی به‌ڵام پاڵپشتمان نه‌بوون''.
شه‌ونم عه‌بدوڵڵا گوتیشی: ''بچووكترین شت بۆ ئێمه، گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵه‌كانمانه، به‌داخه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێم ٣٦ ساڵ نه‌توانێت له خه‌می دۆزینه‌وه‌ی منداڵه ونبووه‌كانی ههڵهبجهبن، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌موو لایه‌نه‌كان ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك خووله‌ك منداڵێكیان لێ ون ببێت له چ دۆخێك‌دا ده‌بن؟ من ئه‌وا ٣٦ ساڵه له‌م دۆخه‌دام''.
له‌باره‌ی داتا و ئاماره‌كانی منداڵانی ونبوو له ڕێكخراوی منداڵه ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه، شه‌ونم عه‌بدوڵڵا گوتی: ''ئێمه كاتێك ساڵی ٢٠١٨ كارمان كرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی منداڵه ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه، ٧٤ خێزان سكاڵایان كردبوو كه ٢١١ منداڵی ونبوو تۆمار بوو لای ئێمه. ١٨ له‌و منداڵانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه. تا ئێمه‌ش له‌م ڕێكخراوه كارمان كرد، حه‌فت منداڵ په‌یوه‌ندی به ئێمه كردبوو و گوتبووی منداڵی هه‌ڵه‌بجه‌م، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا سه‌نته‌رێكی مایكرۆجینی پێشكه‌وتوو له وڵاتی ئێمه‌دا نییه (دی ئێن ئه‌ی) تۆ ناتوانی منداڵێكی دیكه بهێنیته‌وه و جارێكی دیكه ونی بكه‌یته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌ی منداڵه ونبووه‌كان زیاتره له ژماره‌ی تۆماركراو، خێزانی زیاتر هه‌یه كه منداڵیان ونبووه و سكاڵایان تۆمارنه‌كردووه. كاتێك چوومه پرسیارم لێیان كردووه كه بۆچی سكاڵا تۆمار ناكه‌ن، ئه‌وان ده‌ڵێن كاتێك دۆسیه‌ی ئه‌و منداڵانه ده‌بینین كه ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه تووشی چ سهرگهردانییهك ده‌بن، ئه‌وا ئێمه له سكاڵاكردن په‌شیمان ده‌بینه‌وه''.
شه‌ونم عه‌بدوڵڵا گوتیشی: ''ئه‌و منداڵانه له كاتی كیمیابارانه‌كه له خێزانه‌كانییان دابڕاون، ئێستا لانیكه‌م ته‌مه‌نییان له سه‌رووی ٣٦ ساڵه و ڕه‌نگه هاوسه‌رگیرییان كردبێت، بۆیه نابێت له‌وێ ماڵی لێ تێكبده‌یت و لێره‌ش تێسته‌كه‌ی هاوتا ده‌رنه‌چێت و سه‌رگه‌ردان بكرێت. له‌ماوه‌ی ڕابردوو دۆسیه‌ی دوو گه‌ڕاوه‌مان بینی به چ شێوه‌یه‌ك سه‌رگه‌ردان بوون''.
له‌باره‌ی زانیارییه‌كان و شوێنی ئه‌و حه‌فت منداڵه ونبووه‌ی هه‌ڵه‌بجه، سه‌رۆكی پێشووی ڕێكخراوی منداڵه ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه، شه‌ونم عه‌بدوڵڵا گوتی: ''یه‌كێك له منداڵه گه‌ڕاوه‌كان، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و حه‌فت منداڵه ونبووه هه‌بوو، ئه‌و كاته وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان مه‌حموود حاجی ساڵح بوو، لیژنه‌یه‌ك پێكهات بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوای ئه‌م دۆسییه‌یه‌دا بڕۆن به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌و كاته‌دا كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم گۆڕدرا و لیژنه‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه''.
شه‌ونم عه‌بدوڵڵا داوایشی له په‌رله‌مانتارانی كورد له به‌غدا كرد كه هه‌وڵه‌كانییان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگای حكوومه‌تی عێراقه‌وه نووسراوێك ئاراسته‌ی ئێران بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌و منداڵانه‌ی له كاتی كیمیابارانه‌كه‌دا چوونه‌ته ئێران، ئێستا چاره‌نووسییان ئاشكرا بكرێت.
news_share_descriptionsubscription_contact
