Heman Hussein Yaseen
16 ئادار 2025•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2025
ههولێر - AA
کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە کاتژمێر ١٠ و ٥٥ خولەکی ڕۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە رێگای فڕۆکەی جەنگییەوە بە بۆمبی کیمیایی ئەنجامدرا و لە ئاکامدا، زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی شەھیدبوون و ساڵانەش لەم رۆژەدا ھاووڵاتییان بۆ ماوەی پێنج خولەک بۆ ماتەمینی و یادکردنەوەی ئەو کارەساتە دەوەستن.
ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو، بۆ یەکەمجار ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بڕیاریدا یادی ھەڵەبجە لە عێراق بکرێتە پشووی فەرمیی و بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ لە عێراق پشووی فەرمییە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان تەنیا بۆنەیە و نەبووەتە پشوو ھەروەک گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێم، پێشەوا ھەورامانی ڕایگەیاند کە بۆنە و یاد و ڕۆژانی پشووە فەرمییەکان لە ساڵنامەی حکوومەت دیارییکراوە و لە ئێستادا وەکخۆی دەمێنێتەوە و ھیچ گۆڕانکارییەک ناکرێت تا پەرلەمانی کوردستان-عێراق پێداچوونەوەی بۆ دەکات.
ھاوکات وەک ساڵانی پێشوو، ھاووڵاتییانی ھەرێم وەک ڕیزگرتنێک بۆ کارەساتی کیمیابارکردنی ھەڵەبجە لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێم بۆ ماوەی پێنج خوولەک لە جووڵە دەوەستن.
لە شاری ھەولێریش کاتژمێر ١٠ و ٥٥ خولەک ھاووڵاتییان بۆ ماوەی پێنج خولەک بهبێدهنگی لەسەر شۆستە و شەقامەکان وەستان.
کیمابارانکردنی ھەڵەبجە بە کارەسات و ڕووداوێکی مێژوویی دادەنرێت لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا کە تا ئێستاش شوێنەواری کارەساتەکە دیارە و ڕۆژانە منداڵە ونبووەکان دەدۆزرێنەوە کە ھیچ کەسێکیان لە ژیاندا نەماوە و سەردانی ئەو گۆڕستانە دەکەن کە ناوەکانیان لەسەر کێلی گۆڕەکاندا نووسراوە.
یەکێک لە سیمبولەکانی ھەڵەبجە، دیمەنی تراژیدیای عومەری خاوەرە، ئەو پیاوە تەمەن ٥٤ ساڵەی کاتێک بۆنی غازی خەردەل ڕێگای پێ دەگرێت و خۆی بەسەر کۆرپەلەی باوەشیدا دەچەمێنێتەوە و پێکەوە لەبەردەمی کۆسپەی حەوشەی ماڵێکدا گیانیان دەردەچێت.
ساڵانە لەم یادەدا جگە لە ھاووڵاتییانی ھەرێم، چەندین کۆنسولی بیانی لە ھەرێم و شاندی بیانی سەردانی مۆنیۆمێنتی ھەڵەبجە دەکەن و ڕێوڕەسمی تایبەت بەم کارەساتە بەڕێوەدەچێت، لە شوێنی ڕێوڕەسمەکەشدا بە زمانی عەرەبی نووسراوە، "ھاتنەژوورەوە بۆ بەعسییەکان قەدەغەیە".
بەپێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان-عێراق، کاتژمێر ١٠ و ٥٥ خولەکی ڕۆژی ١٦ی ئاداری ھەموو ساڵێک وەک ماتەمینی بۆ ئەو کارەساتە، بۆ ماوەی پێنج خولەک جموجۆڵ لە شارەکان ڕادوەستێت.