Fakhradin Ibrahim Mohammad
01 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2025
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێم مسرور بارزانی، بەرپرسانی حکوومت، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و کۆنسوڵی وڵاتان، ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی ١ی شوبات بەڕێوەچوو.
بە پێی هەواڵێکی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە ساڵیادی شەهیدانی ١ی شوبات، لە پارکی شەهید سامی عەبدولرەحمان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
لە ١ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ دا کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستیدا، زیاتر لە سەد کەس شەهیدبوون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بە بۆنەی ٢١مین ساڵیادی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بەڕێوەچوو، بنەماڵەی قوربانیان، بەرپرسانی حکوومی و لایەن سیاسییەکان و نوێنەر و کۆنسوڵی وڵاتان ئامادەبوون.
بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە بە دانانی تاجەگوڵێنە لەبەردەم مۆنیۆمێنتی شەهیدان، ڕێزیان لە یادی قوربانیان گرت.
