Sarmand Hameed
13 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، دلۆڤان محەمەد فاتیح جەلال ئاشكرایكرد ١٥ نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە، باری تەندروستییان تەواو جێگیر بووەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ هەر ١٥ تووشبووەکە و دەرچوونی ئەنجامەکانیان بە نێگەتیڤ، بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر ئاشكراشیكردووه، کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای هەولێر چاکبوونەتەوە، گەیشتووهتە ۲٩٢ کەس.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە کۆی ٥٨٣ تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە پارێزگای هەولێر،٢٩٢ یان چاکبوونەتەوە و چوار نەخۆشیش گیانیان لەدەستداوە، لە ئێستادا ٢٨٧ نەخۆش لە نەخۆشخانەدا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.