Zana Natık Kerem
15 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2025
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە لە دوێنێ دووشەممەوە تا ئێستا بەچڕی بەغدای پایتەخت و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی گرتووەتەوە، سێ ھەزار و ٧٤٧ کەس تووشی ھەناسەسواری بوون، بەڵام ھیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، سەیف بەدر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە لە دوێنێ دووشەممەوە شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ ژمارەیەک پارێزگای گرتەوە کە بەھۆیەوە تا ئێستا، سێ ھەزار و ٧٤٧ کەس تووشی ھەناسەسواری بوون.
ڕاشیگەیاندووە کە بەھۆی خۆڵبارینەکەوە لە پارێزگای بەسرە، ھەزار و ٤١ کەس و لە پارێزگای موسەننا، ٨٧٤ کەس و لە پارێزگای میسان، ٦٢٨ کەس و لە پارێزگای نەجەف، ٤٥١ کەس و لە پارێزگای زیقار، ٢٦٨ کەس و لە پارێزگای دیوانییە، ٢٦٥ کەس و لە پارێزگای واست، ٢٢٠ کەس تووشی ھەناسەسواری بوون.
باسی لەوەش کردووە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەھۆی خۆڵبارینەکەوە تووشی ھەناسەسواری بوون، گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەریان وەرگرتووە.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە کە بەھۆی خۆڵبارینەکەوە، ھیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان، تۆمار نەکراوە.