Heman Hussein Yaseen
15 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2025
هەولێر -AA
بە مەبەستی دانوستان و گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوودا لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکوومەت ڕێککەوتوون و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گفتوگۆ و پێشنیازەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە چوارشەممەی ڕابردوو، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی لە میانی ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، داوای بەپەلەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
جێی ئاماژەیە کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و تیایدا وەک ڕیزبەندی یەکەم، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی و وەک ڕیزبەندی دووەم، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی بەدەستهێنا.