31 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
لەمساڵدا يەك مليۆن و ٣٥٠ هەزار ئاوارەى ناوخۆى عێراق گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆيان لەو ناوچانەى كە لە رێكخراوى داعش پاككراونەتەوە.
بەرێوەبەرى گشتيى فەرمانگەى كاروبارى پەنابەران لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق عەلى عەباس، لە روونكردنەوەيەكى چاپكراودا رايگەياند لە ماوەى ساڵێكدا ٢٤٠ هەزار خێزان كە ئاوارەى كەمپەكان و خانووى كرێ ببون لە ناوچە جياجياكانى عێراقەوە گەڕاونەتەوە رێوشێونى خۆيان.
عەباس، ئاماژەى بە گەرانەوەى يەك مليۆن و ٣٥٠ كەس كرد لە ساڵى ٢٠١٩دا بۆ سەر ماڵە حاڵى خۆيان و رايگەياند كە زۆرترين ژمارەى گەڕانەوەى پەنابەران لە پارێزگاى ئەنبار تۆماركراوە.
بە گوێرەى ئامارەكانى نەتەوەيەكگرتووەكان بێت، عێراق لە ٣٩ مليۆن نفوسيدا ١١ مليۆن هاوڵاتيى پێويستى بە هاوكارى مرۆڤى هەيە. لە نێوان ساڵانى ٢٠١٤-٢٠١٧ نزيكە پێنج مليۆن كەس ناچاركراون رێوشوێنى خۆيان بەجێبهێڵن و روو بكەنە ناوچەكانى باكوورى وڵاتەكە.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تەواوی ئەو رووبەرەیان کۆنتڕۆڵکردەوە کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژمار دەکرا کە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ کۆنتڕۆڵی کردبوو.
وێڕای ئەوەی ھێزەکانی عێراق داعشیان لە ناوچەکان دەرکردووە و شارەکانیان ئازادکرد بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تاکو ئێستا بەردەوامن لە سەر ھێرشەکانیان لە گوندەوارەکانی پارێزگاکانی کەرکووک، مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار.