لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر دەستگیرکردنی داواکراوێک و کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانی گوندی لاجانی ڕاگەیاند
Arbil
هەولێر - AA
لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر دەستگیرکردنی داواکراوێکی و کۆنتڕۆڵکردنی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی راگەیاند کە ماوەی دوو ڕۆژ بوو لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە نێوان عەشیرەتی ھەرکی و ھێزە ئەمنییەکان ھەبوو کە بووە ھۆی سووتاندنی چەند شوێنێکی گشتی لە قەزای خەبات.
لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ھاتووە: "ئێوارەی دووشەممە کۆمەڵێک کەسی ھاندراو ھەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، ھێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ھێمنانە کۆنترۆلی دۆخەکەیان کرد. لەو چوارچێوەیەشدا سەرکێشی ئاژاوەگێڕییەکان کە کەسێک بوو بە ناوی (ن.ع.م) کە لە کاتی ڕاکردنیدا لە ڕێگای کەرکووک دەستگیر و ڕاپێچی بەردەم یاسا کرا".
لیژنەکە ئەوەیشی ڕاگەیاندووە: "ناوھاتوو خەڵکی ھانداوە بۆ ھەڵگرتنی چەک و تەقاندنەوەی دامەزراوە ئابووریی و نیشتمانییەکان. تەواوی ئەوانەی بوونەتە ھۆکاری تێکدانی سەقامگیریی و ئاژاوەیان ناوەتەوە، ڕووبەڕی یاسا دەکرێنەوە، ئاشکراکردنی پیلانەکانی ئەو گرووپە و ئەوانەی پالنەری بوون بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەجێدەھێلین".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە، چەند کەسێکی خەڵکی گوندی لاجان ھەرکی لە سنووی ناحیەی شەمامک، چوونە بەردەم پاڵاوگەی لاناز لە سنووری گوندەکەیان و خۆپێشاندانێکیان ئەنجام دا و تێیدا داوایانکرد چەند کەسێکی خەڵکی گوندەکە دابمەزرێن و لەم خۆپێشاندانەشدا گرژیی و ئاڵۆز دروست بوو، لە ئەنجامی تەقەکردن شوفێری تانکەرێک گیانی لەدەستدا و بە ھۆیەوە چەند کەسێک لە خۆپێشاندەران دەستگیرکران.
دوێنێ دووشەممە، وەک نارەزایەتییەک. خەڵکی گوندەکە ماڵ و حاڵیان بەجێھێشت و لەسەر شەقامەکانی قەزای خەبات نیشتەجێبوون و، داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانییان کرد و درەنگانی شەوی ڕابردووش پارێزگاری ھەولێر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت کە لە گوندی لاجان لەگەڵ ژمارەیەک لە خەڵکی گوندەکە کۆبووەتەوە و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیانی داوە بەو مەرجەی خەڵکەکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و، دواتر خەڵکەکە گەڕاونەوە گوندەکەیان.
ھەر لەم چوارچێوەیەدا، شەوی ڕابردوو گرژی و ئاڵۆزی لە قەزای خەبات دروست بوو تێیدا، خۆپێشاندەران باڵەخانەی کۆمیسیۆن، سەنتەری گەنجان و چەند شوێنێکی دیکەیان سووتاند و دواتر توانرا دۆخەکە ھێور بکرێتەوە بگەنە چارەسەری کێشەکە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
