لیوا تەحسین خەفاجی لەبارەی کشانەوەی سوپای عێراق لە بنکەی سەربازیی حەبانییە قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو كرد
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی ڕەتيکردەوە کە ھێزەکانی سوپای عێراق لە بنکەی سەربازیی حەبانییە سەربە پارێزگای ئەنبار کشابنەوە.
Arbil
ھەولێر ــ AA
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی ڕایگەیاند کە سوپای عێراق لە ھیچ بنکە و خاڵێکی سەربازیی نەکشاونەتەوە کە تیایدا جێگیرکراون.
لە ھەندێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوکراوەتەوە کە باس لەوە دەکات گوایە دوای بۆردومانەکەی ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە بۆ سەر بنکەی سەربازیی حەبانییە سەربە پارێزگای ئەنبار، ھێزەکانی سوپای عێراق لەو بنکەيە بەرەو بەغدا کشاونەتەوە.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕەتيکردەوە کە ھێزەکانی سوپای عێراق لە بنکەی سەربازیی حەبانییە سەربە پارێزگای ئەنبار کشابنەوە و گوتی: "ئەو دەنگۆیەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراوەتە، دوورە لە ڕاستییەوە".
ھەروەھا بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە ھێزەکانی سوپای عێراق لە ھیچ بنکە و خاڵێکی سەربازی نەکشاونەتەوە کە تیایدا جێگیرکراون.
لە میانی ھێرشێکی ئاسمانییدا، بنکەی سەربازیی حەبانییە بۆردومان کرا.
وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، حەوت سەرباز کوژران و ١٣ی دیکەیش برینداربوون.
