هەولێر AA
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی قۆناغی یەکەمی پرۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر کرایەوە کە یەكێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستاندا و بە چواردەوری شاری هەولێردا دەسوڕێتەوە.
درێژیی پرۆژەکە هەمووی ٧٠ کیلۆمەترە و لە قۆناغی یەکەمدا کە ئەمڕۆ کرایەوە، ١٠ کیلۆمەتری بە هەردوو ئاراستەی چوون و هاتن تەواو بووە و کرایەوە.
قۆناغی یەکەمی شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر، لەسەر رێگای هەولێر-شەقڵاوە دەستپێدەکات تاوەکو رێگای بەحرکە، پانی هەر لایەکی ١٩ مەتر و نیوە و لە نێوانی هەردوو ئاراستەی شەقامەکەشدا هەشت مەتر بۆ سەوزایی هەیە، شەقامە لاوەکییەکانی رێگاکەش هەشت مەتر پانە.
لەسەر ئەم ١٠ کیلۆمەترەی تەواو بووە، شەش بەرزە پردی تێدایە کە سیانیان پردی پەڕینەوەی پیادە و سیانیان بۆ گەڕانەوەی ئۆتۆمبیلە، چوار پردی ئاراستەگۆڕیشی لەسەرە، جوانکاری و رووناکی شەقامەکەش تەواو بووە و ٥٢ کیلۆمەتر بەربەستی ئاسنینیشی بۆ دانراوە، خێرایی لێخوڕین لەسەر شەقامە نوێکەی هەولێر ١٢٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا بەبێ وەستان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساسان عەونی لە وتەیەکدا لە مەراسیمی کردنەوەی شەقامەکەدا رایگەیاند "مایەی خۆشحاڵییە بەشداردەبین لە کردنەوەی پرۆژەیەکی ستراتیجیی گرنگ بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سەرەرای هەموو بارودۆخە ناهەموارەکان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامبووە لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی و بەشێک لەو پرۆژە ستراتیجییانەش تەواو بووە و بەشێکیشیان بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت، لەوانەش تەواوکردنی شەقامی ١٢٠ مەتری لە هەولێر، دەستپێکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری لە سلێمانی، شەقامی بارزان لە دهۆک، پرۆژەی ستراتیجی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و دەیان پرۆژەی ستراتیجیی دیکە کە هەموویان بەڵگەن لەسەر پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتییانی داوە کە خزمەتکردنی بەردەوام و کوردستانێکی بەهێزە".
ساسان عەونی گوتیشی: "کۆی شەقامی ١٥٠ مەتری بازنەیی خێرا لەکاتی تەواوبوونی هەموو بەشەکانی ٧٠ کیلۆمەترە و بە شێوەی بازنەیی کە هیچ وەستانێکی تێدا نابێت باوەش بە هەولێردا دەکات و لە رێگای دەروازە سەرەکییەکانی شاری هەولێر و دەیان شەقامی دیکەی شێوە تیشکی بە شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٠٠ مەتری و شەقامە بازنەییەکانی دیکەوە دەیبەستێتەوە".
شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر بە پێنج قۆناغ دروست دەکرێت و لە ئەمڕۆ بەدواوە دەست بە قۆناغی دووەمی دەکرێت، ئەم شەقامە دەبێتە شەشەم شەقامی بازنەیی هەولێر دوای شەقامەکانی ٣٠ مەتری و ٤٠ مەتری و ٦٠ مەتری و ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری، شەقامێکی خێرایە و کۆی تێچووی هەموو قۆناغەکانی ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە، بە تەواوبوونیشی قەزای بنەسڵاوە و ناحیەکانی کەسنەزان، دارەتوو، بەحرکە و کۆمەڵگەکانی شاوێس و مەلائۆمەر و رێگای گوێڕ، قۆڕیتان و سەرکارێز بەیەکەوە دەبەستێتەوە .
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە مەراسیمی کردنەوەی شەقامەکەدا، وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند "بەردی بناغەی پرۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری لە کابینەی پێشتر دانرا، بەڵام لەبەر چەند ھۆکارێک و قەیرانی دارایی جێبەجێ نەکرا، ئێمە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەمان ھەستمان بە گرنگی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کرد، ھەر زوو بڕیاری ئەوەمان دا کە پێویستە ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت تاکو بکەوێتە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان بە تایبەتی ھاووڵاتییان خۆشەویستی شاری ھەولێر، گرنگی ئەم پرۆژەیە جگە لەوەی کە ئاسانکاری دەکات بۆ ھاووڵاتییانی بەڕێز و دانیشتوانی خۆشەویستی شاری ھەولێر لە گەیشتن بە شوێنی مەبەست ئاسانکاری بۆ کاری بازرگانیی، ھەروەھا دەتوانێت شاری ھەولێر بە دەورووبەری ھەولێر و بە پارێزگاکانی دیکەش ببەسێتەوە، ئاسانکاری بکات بۆ ئەوەی پارێزگاکانی دیکە بە رێگەی ئەم شەقامەوە زووتر بە یەک بگەن".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "دەستخۆشی لە کۆمپانیای ھێمن گرووپ دەکەین وەک کۆمپانیای جێبەجێکار کە بە شێوەیەکی زۆر جوان و رێکوپێک و زووتر لەکاتی خۆی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکات، لەبەر ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی بووە، وەکو پێویست نەمانتوانیوە تەمویلی ھەموو ئەو پرۆژانە بکەین کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێکراون، بەڵکو زۆربەی پرۆژەکان لەلایەن کەرتی تایبەت لەسەر ئەرکی خۆیان جێبەجێکراون یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی جووڵەی بازرگانی لە کوردستان نەوەستێت و ئەم پرۆژە خزمەتگوزارییانە لە کاتی خۆیاندا و زووتریش جێبەجێ بکرێن، من سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم لە ھەموو شوێنەکان و پارێزگاکانی کوردستان کە یارمەتی حکوومەتیان داوە و لەسەر ئەرکی خۆیان پرۆژەکانیان جێبەجێکردووە، بەڵام دەمەوێ دڵنیایی ئەو کۆمپانیایانە بکەمەوە کە حکوومەتی ھەرێم پابەندە بە دانەوەی قەرزەکان و شایتسە داراییەکانیان، ھیوادارین لە کاتێکی گونجاودا دوای ئەوەی توانیمان ئەو قەیرانە ئابوورییە تێپەڕێنین ھەموو ئەو شایستە داراییانەیان بۆ دەگەڕێتەوە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوایەکیشی ئاراستەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند "داوا لە ھاووڵاتییانی خۆشەویست بە تایبەتی شۆفێرە بەڕێزەکان دەکەم کە ئەو شەقامە بەکاردەھینن وریا بن، تکاتان لێدەکەم بە باشترین شێوە ئەم شەقامە و شەقامەکانی دیکەی کوردستان بەکاربھێنن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بتوانن بە شوێنی مەبەستی خۆتان بگەن، خێرا لێخوڕین ھەندێکجار لەوانەیە کارەساتی لێبکەوێتەوە، بیر لە خۆتان و سەلامەتی خۆتان و لایەنی بەرامبەریش بکەنەوە، ھیوادارم رێنماییەکانی پۆلیسی ھاتوچۆ لەبەر چاوبگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە سوود لەم شەقام و ئەم پرۆژە خزمەتگوزارییانە وەربگرن".
مەسرور بارزانی دەربارەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین قەیران و گرفت بووینەتەوە، ھەندێک لەو قەیرانانە سروشتین و بە دەست کەسمان نەبووە و بەرۆکی ھەموو جیھانی گرتووە وەکو بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، ھەرەسھێنانی ئابووری جیھانی، بەڵام ھیچ یەکێک لەمانە نەبوونەتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین بەردەوام بین لەسەر ئەرکە خزمەتگوزارییەکانی خۆمان، ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەرکەکانی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی و گەیاندنی خزمەتگوزاریی بە ھاووڵاتییان، ھەرچەندە ھەوڵ ھەبووە بۆ ئەوەی رێگریمان لێ بکەن و رێگری دروست بکەن لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە چاکسازییە لەسەرەتای کابینەدا بەڵێنمان بە ھاووڵاتییان داوە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتیشی: "لە زۆر رووەوە ناحەزانی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی تێکدانی سەقامگیری ھەرێمی کوردستانیان داوە، زۆر لایەنیش ھەبوون چاویان بە سەرکەوتن و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان ھەڵنەھاتووە، ئەو ھەوڵانەی کە دران بۆ نەھێشتنی متمانە لەلایەن خەڵکەوە بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان سەریان نەگرت و ھیچ یەکێک لەو قەیرانانە نامانوەستێنن لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان بۆ چاکسازی بۆ ئاوەدانی بۆ پێشخستنی کوردستانی خۆشەویستمان، ئێمە بەردەوام دەبین لە گەیاندنی کارە خزمەتگوزارییەکان، لەو چەند رۆژەی رابردووشدا، بڕیارمان لەسەر بودجەی ٢٠٢١ دا، کە کارە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام بن و بڕە بوودجەیەکی تایبەتمان دەستنیشانکردووە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان لە ھەموو ھەرێمی کوردستاندا، ئەوە جگە لەو پرۆژانەی کە وەزارەتەکان لە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەموو پارێزگاکان جێبەجێیان دەکەن".
news_share_descriptionsubscription_contact
