Zana Natık Kerem
31 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەھدی عەبدولکەریم رایگەیاند کە سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران کە چاوەڕان دەکرێت نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ ساز بکرێت، ئامادە دەبن.
مەھدی عەبدولکەریم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لەگەڵ لیژنەی دارایی و ژمارەیەک فراکسیۆن لەسەر تێپەڕاندنی ماددەی ١١ی نێو پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ کە تایبەتە بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، رێککەوتووین".
گوتیشی: "سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران کە چاوەڕان دەکرێت نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ ساز بکرێت، ئامادە دەبن".
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بانگھێشتی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردبوو ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بن کە کاتژمێر یەکی دوای نێوەڕۆی ساز دەکرێت.