Zana Natık Kerem
28 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2019
بەغدا ــ AA
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق راگەیاند كە ٩٣ پەنابەری دیكەی وڵاتەكەی لە توركیاوە گەڕاونەتەوە عێراق.
بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی كاروباری كۆچبەران لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، تاڵب ئەسغەر لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ٩٣ پەنابەری دیكەی عێراقی بە چەند پاسێك لە توركیاوە لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل سەربە قەزای زاخۆ گەیشتنەوە وڵات.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی سێ مانگی رابردوودا، ٢٢٩ پەنابەری عێراقی لە توركیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان.
لە راگەیەندراوەكە جەخت لەوەكراوەتەوە كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران هەوڵەكانی زیاتر دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی سەرجەم پەنابەرە عێراقییەكان بگەڕێنێتەوە سەر زێدی خۆیان.
بە هۆی پەلامارەكانی داعش بۆسەر ناوچەكانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی عێراق لەو ناوچانە هەڵاتن وەك پەنابەر روویان لە وڵاتانی دیكە كرد.