Heman Hussein Yaseen
27 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ھاتنی خولێکی دەرچوونی مەشق و راھێنانی پێشمەرگەی زێرەڤانیدا گوتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا رۆڵی پێشمەرگەی لە سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و راشیگەیاند کە ئەمە خۆئامادەکردنێکە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، خولێکی مەشق و راھێنان بۆ ٤٥٠ پێشمەرگەی زێرەڤانی لە فێرگەی مەشقی پڵنگەکانی زێرەڤانی کۆتایی ھات و تیایدا وەزیری ناوخۆ گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە باشترین پاداشت بۆ شەھیدان، خۆڕێکخستن و خۆئامادەکردنە بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە سەقامگیری و ئاسوودەییدا بژین.

لە رێورەسمەکەدا وەزیری ناوخۆلە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوەیشکردەوە کە ھێزەکانی فەرماندەیی زێرەڤانی شانبەشانی پێشمەرگەکانی دیکە لە تەواوی یەکە و فەرماندەییەکاندا رۆڵی سەرەکییان ھەبووە لە شەڕەکانی دژبە تیرۆریستانی داعش و بەرگریکردن لە کوردستان و راشیگەیاند کە هێزەکانی زێرەڤانی دەبێت لە داھاتوودا ئاشنایەتیی زیاتریان لە ھەموو بوارەکانی شەڕدا ھەبێت و داوای ھەماھەنگیی زیاتریشی لە ھێزی ھاوپەیمانان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرد.

رێبەر ئەحمەد گوتیشی: "بەگشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەتایبەتیش پێشمەرگەی زێرەڤانی لە ساڵانی رابردوودا لە پرۆسەی بەرگریکردن لە کوردستان لە بەرامبەر دوژمناندا رۆڵی سەرەکی هەبووە، بێگومان دەبێت راھێنان و فێربوون ببێتە کولتووری زاڵ بۆ پێگەیاندنی پێشمەرگە و ئاشناکردنی بە ھونەرەکانی جەنگ، بەتایبەت لەم سەردەمە کە شێوازەکانی شەڕ گۆڕاون".

وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە گوتارەکەیدا راشیگەیاند کە مەترسیی سەرھەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بەھێزە، بۆیە دەبێت زۆر هۆشیار بین و ھەموو رێکارێک بگرینە بەر.