04 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2020
زیقار - AA
ئەفسەرێک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە دوێنێ هەینی لەمیانی رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار کوژراون و برینداربوون، بەرزبووتەوە و گەیشتووەتە ١٥ کەس.
ئەو ئەفسەرە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند، دوێنێ هەینی لەمیانی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە، رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا روویداوە کە لەئاکامدا، خۆپیشاندەرێک و کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
باسی لەوەیشکرد کە هەر لەمیانی رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانەکەدا، ١٣کەس برینداربوون کە زۆربەیان خۆپیشاندەرن.
ئەفسەرەکە جەختی لەوەشکردووە کە هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی توندیان بەرامبەر ئەو کەسانە گرتووەتەبەر کە هەوڵ بدەن بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆ پێشێل بکەن.
وێرای قەدەغەکردنی هاتووچۆ کە بە هۆی خۆپارێزی لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە سەرتاسەری عێراق راگەیەندراوە، بەڵام دوێنێ هەینی دەیان خۆپیشاندەر لە شاری ناسرییە رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندبوو کە لەمیانی رووبەڕووبوونەوە و پێکدادنەکانی دوێنێ هەینی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا لە شاری ناسرییە، یەک خۆپیشاندەر کوژراوە و حەوتی دیکەیش برینداربوون.