21 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
لە ئاكامی هێرشێكی تیرۆریستانی داعش بۆسەر هێزێكی حەشدی شەعبی لە باشووری پارێزگای سەڵاحەددین باكووری عێراق، دوو چەكداری حەشدی شەعبی كوژران.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیاكانی خۆجێی راگەیاندووە كە تیرۆریستانی داعش، هێرشیانكردووەتە سەر هێزەكانی لیوای 35ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی زلاییە سەربە ناحیەی مكێشیفە باشووری سەڵاحەددین.
بەگوتەی سەرچاوەكە لە میانی هێرشەكەدا، شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی و تیرۆریستانی داعش روویداوە كە لە ئاكامدا دوو چەكداری حەشدی شەعبی كوژراون و چواری دیكەیش برینداربوون، هەروەها ژمارەیەك تیرۆریستی داعشیش كوژراون و برینداربوون.
لای خۆیەوە راگەیاندنی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە هێزێكی لیوای 35ی سەربە حەشدی شەعبی لە ناوچەی زلاییە باشووری سەڵاحەددین، بەرپەرچی هێرشێكی تیرۆریستانی داعشی داوەتەوە كە لە میانیدا شەڕ و پێكدادان لەنێوان هەردوو لادا روویداوە.
لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بە زیانە گیانیەكانی شەڕ و پێكدادانەكە نەدراوە.
مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەكان بە پاڵپشتی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند كە بە سەدا ٥٠ی خاكی عێراق ھەژماردەكرا كە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ كۆنترۆڵی كردبوو.
سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧دا، سەركەوتنی بەسەر ئەو رێكخراوەدا راگەیاندبوو.
وێڕای ئەوەی ھێزەكانی عێراق داعش-یان لە ناوچەكان شكست پێ هێناوە و شارەكانیان ئازادكردووە، بەڵام شانە نووستووەكانی رێكخراوەكە تاكو ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەكانیان بەتایبەت لە گوندەواری پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووك، مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار.