عێراق

عێراق.. هاوپەیمانی فەتح پاڵپشتی لە محەمەد تۆفیق عەللاوی دەکات

- هاوپەیمانی فەتح لە عێراق: "پاڵپشتی لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، محەمەد تۆفیق عەللاوی دەکەین و لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش-دا دەنگ لەسەر بەخشینی متمانە بە کابیەنەی نوێی حکوومەت دەدەین".

1 23, Zana Natık Kerem  | 23.02.2020 - نوێکردنەوە : 24.02.2020
عێراق.. هاوپەیمانی فەتح پاڵپشتی لە محەمەد تۆفیق عەللاوی دەکات

Iraq

بەغدا - AA

هاوپەیمانی فەتح لە عێراق کە زۆربەی لایەنەکانی شیعە لەخۆدەگرێت رایگەیاند، پاڵپشتی لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، محەمەد تۆفیق عەللاوی دەکەن و ئاماژە بەوەش دەکات کە لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگ لەسەر بەخشینی متمانە بە کابیەنەی نوێی حکوومەت دەدەن.

لە راگەیەندراوێکدا هاوپەیمانی فەتح کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٣٢٩ کورسی خاوەن ٤٨ کورسییە، ئەو دەنگۆیانەی رەتیکردەوە کە باس لەوە دەکەن گۆایە ئەندامەکانی لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە نابن و راشیگەیاندووە کە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە.

جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە ژمارەیان ٤٨ ئەندامە لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنەکەدا ئامادە دەبن و دەنگیش لەسەر بەخشینی متمانە بە کابیەنەی نوێی حکوومەت دەدەن.

پێشتر لە میدیاکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە هاوپەیمانی فەتح بڕیاریداوە لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر بەخشینی متمانە بە کابینەی حکوومەتەکەی، محەمەد تۆفیق عەللاوی ئامادە نابێت.

رۆژی شەممە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران لە دانیشتنی داهاتوودا، متمانە نەبەخشێتە کابینەی حکوومەتەکەی، محەمەد تۆفیق عەللاوی ئەوا داوا لە لایەنگرانی دەکات خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجام بدەن.

رۆژی هەینی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حەسەن کەعبی داوای کردبوو رۆژی دووشەممەی داهاتوو دانێشتنێکی تایبەت بۆ بەخشین یا نەبەخشینی متمانە بە کابینەی حکوومەتەکەی، محەمەد تۆفیق عەللاوی ساز بکرێت.

دوێنێ شەممە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی رایگەیاندبوو تا ئەو کاتەی ناوی وەزیرە نوێیەکان و بەرنامەی کابیەنەی نوێی حکوومەت رادەستیان نەکرێت، ناتوانن دانێشتنێکی تایبەت بۆ بەخشینی متمانە بە کابینەی حکوومەتەکەی، محەمەد تۆفیق عەللاوی ساز بکەن.

بەپێی دەستووری عێراق، دانیشتنی تایبەت بۆ بەخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت لەسەر داوای ٥٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران یان سەرکۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، یان سەرۆکوەزیران ئەنجامدەدرێت کە سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەش دەگرێتەوە.

بۆ به‌خشینی متمانە پێویستە حکوومەتی نوێ دەنگی زۆرینەی رەها (٥٠+١)ی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەکە بەدەست بهێنێت (نەک ژمارەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران).

رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، محەمەد تۆفیق عەللاوی کابینەی حکوومەتەکەی راگەیاندبوو و ئاشکرایکردبوو کە وەزیرەکانی لە کەسانی سەربەخۆ و بێ لایەن پێکهاتووە.

محەمەد تۆفیق عەللاوی داواشی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کردبوو کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنێکی تایبەت بۆ بەخشینی متمانە بە کابینەی حکوومەتەکەی ساز بکات.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın