Sarmand Hameed
22 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکيدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئیندیپێندت"ى عهرهبی باسی لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد و هەڵوێستی سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لهمهڕ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق خستەڕوو، ههروهها باسی ژمارهیهك پرس و بابەتی دیکەی کرد.
- دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق
مەسعود بارزانی باسی لە پێویستیی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق كردووه کە دوای کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس کە لە هێرشێكی ئاسمانیی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە دەکردنی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی وڵاتەکەی، و لهوبارهیهوه رایگهیاندووه: "ئەمریکا وڵاتێكی گەورە و مەزنە و بەبێ بوونی ئەو هەندێک بابەت هەن کە ناکرێن، چ هەندێک کەس رازی بێت یان نا. لە ساڵی ٢٠١١دا من دژی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بووم لە عێراق و پێشبینییەکانم بەوەی کە تیرۆر کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری وڵات دەکات، بوونە راستی. ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بمانایەتهوه، داعش نەیدەتوانی ئەو هەموو سەرکەوتنانە بەسەر سوپای عێراقدا تۆماربکات و هەڕەشە لە ناوجەرگەی هەرێمی کوردستانیش بکات. ئێستاش دوای ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران کە داوای چوونە دەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان دهكرێت، ئەو داواکارییانە لەسەر بنەمای سۆز و موزایەدە دەکرێن. بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بە رابەرایەتی ئەمریکا پێویستە بۆ ئاسایش و ئایندهی عێراق. ئێستاش ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بچنە دەرەوە، هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان دەچنە دەرەوە و هێزی هیچ وڵاتێک نامێنێتهوه، لەدوای شەش مانگ داعش بەشێوەیەکی بەهێزتر لە جاران دەگەڕێتەوە. بۆیە نابێت نابەرپرسیارانە و بە مەبەستی موزایەدەکردن بڕوانینە چارەنووسی گەل و وڵات. لهبهر ئهوه ئێمە دژی دەنگدانەکە وەستاینهوه و دەنگمان نەدا. بوونی هێزەكانی ئەمریکا لەم کاتەدا پێویستە".
- هەڵوێستی کورد سەبارەت بە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق
بارزانی باسی لە هەڵوێستی سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان لهبارهی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی کردووه و رایگهیاندووه: "محەمەد تۆفیق عەللاوی لە خێزانێکی بەڕێز و ناسراوی بەغدایە، ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە، بەڵام نە ئەو و نە هیچ کەسێکی دیکەش ناتوانن له دۆخێكدا كه گرووپی چەکداریی، نایاسایی، نارێکخراو و پەیوەست نەبوو بە فەرمانەکانی دەوڵەت، ههبن، سەرکەوتووبن".
لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەوان پشتیوانیی عەللاوی دەکەن یان دژی دەبن، بارزانى رایگهیاندووه: "ئەمە بەندە بە رۆڵ و تێگەیشتنی ئەوهوه لە دۆخی هەرێم. تا ئێستا ئێمە ئەوە نازانین، بهڵكو رێزی دەگرین. شاندێک لە بەغدایە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و ئەمەش پەیوەستە بە هەڵوێستی ئەوهوه".
- گشپرسیی و هەڵوێستی ئەمریکا
مەسعود بارزانی باسی لە گشتپرسیی سهربهخۆیی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧دا بەڕێوەچوو و لەوبارەیە گوتی: "گشتپرسیی ئهنجامدرا و لەسەدا ٩٣ی خەڵکی کوردستان بە بەڵێ دەنگیاندا، ئەمە سەرکەوتنێکی مەزن بوو، ئەوە راستییە و بۆ من جێی سەرسووڕمان بوو. پێشبینی ئەوەم نەدەکرد کە کورد بەو رێژە بەرزە لە گشتپرسییدا بە 'بەڵێ' دەنگبدەن".
- هەرگیز چاوەڕێی ئەو هەڵوێستەمان لە ئەمریکا نەدەکرد
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکاوە لهدوای گشتپرسیی دوا و رایگەیاند: "ئەمریکا نەتەوەی کوردی بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بێهیواکرد، بەر لە گشتپرسیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بێلایەن دەبن، بەڵام کاتێك کە له گشتپرسیی نزیکبوویەوە و بووە راستی، بەئاشکرا لایەنگری دەسەڵاتی فیدراڵیی لە بەغدا کرد. لە راستیدا بەغدا و ئەوانی دیکە دەرفەتەکەیان قۆستەوە و ویستیان بانگەوازی لەناوبردنی گشتی رابگەیەنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا شکستیان هێنا".
- هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان و شەڕی دژی رێکخراوەکە
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان باسی لە هێرشی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان كردووه و رایگهیاندووه: " ئاراستەی هاتنی داعش بەرەو هەرێمی کوردستان هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو بەرنامەبۆداڕێژراو، بە فەرمان و ئاراستەکردن بوو".
مهسعود بارزانی دەڵێت: "سوپاس بۆ خەڵکی کوردستان کە بەشێوەیەکی گەورە هەماهەنگیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کرد و تیرۆریستان شکستیان هێنا لە درووستکردنی بنکە و شانەی تیرۆریستی لەناو هەرێم، هەموو هەوڵەکانیان بۆ دزەکردن بوو، لە ساڵی ٢٠١٤دا بەدرێژایی ههزار و ٥٠ كیلۆمهتر شەڕی داعشمان کرد".
- پرسی کەرکووک و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق
سهرۆكی پێشووی ههرێمی كوردستان لەبارەی کەرکووکەوە دواوه و رایگهیاندووه: "ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت کەرکووک نموونەی پێکەوهژیانی نەتەوەیی، ئایینیی و مەزهەبی بێت. رێککەوتن هەیە لەسەر چارەسەکردنی پرسی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم یان ئەوەی پێیدەگوترێت ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەوانە کەرکووک، خانەقین، شنگال و ناوچەکانی دیکە. بەپێی ماددەی ١٤٠ دەبێت سەرەتا دۆخی ئەو ناوچانە ئاساییبکرێتەوە، دواتر سەرژمێریی بکرێت و پاشانیش گشتپرسی، دانیشتوانی ئەو ناوچانە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی بن یان لەگەڵ هەرێم. ئێمە پابەندین و ئێستاش پابەندبوونی خۆمان بە بۆچوونی دانیشتوانی ئەو ناوچانە دووپات دەکەینەوە، پێمانوایە ئەوە باشترین چارەسەرە. کەرکووک لە ئێستادا لەژێر داگیرکاریی سەربازییدایە و حەشدی شەعبی فەرمانڕەوایە تیایدا، کورد دەچەوسێنرێتەوە، بێگومان ناکرێت ئەمە بەردەوامبێت و قبوڵیش ناکرێت تا هەتایە ئەمە بەردەوام بێت".
مەسعود بارزانی باسی لە هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر کەرکووک کرد کە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بۆ سەر ئەو شارە ئەنجامیاندا و لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو تووشی سەرسووڕمان بووە لە بێدەنگیی ئەمریکا لە بەکارهێنانی چەکی ئهمریكی و تانکی ئەبرامز لەو هێرشەدا کە ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش بە سوپای عێراقی دابوو، و گوتی: "بە راشکاویی، حەشدی شهعبی چەکی ئەمریکی و تانکی ئەبرامزی بەکارهێنا، ئێران رۆڵی هەبوو لە سەرکردایەتی هێرشەکە بۆسەر کەرکووک".
بارزانی لایەنێکی ناوخۆیی کوردی بە خیانەتکردن لە گەل و نەتەوهی كورد تۆمەتبارکردووه بەوەی ئەوان بوونەته هۆی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک.
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا، دەڵێت: "هیوادارام لەوە تێبگەم ئەمریکا لە سووریا چی لە کورد دەوێت. ئەگەر پابەندبوونێک بە بەرگرییکردن لێیان هەبێت، ئەوە باشە، بەڵام ئەوەی کە بینیمان شتێكی پێچەوانە بوو و گومانیش لەبارەیەوە هەبوو. تاڕادەیەکی زۆریش متمانەی کوردی سووریای بە ئەمریکا نەهێشت".