Sarmand Hameed
03 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2021
بهغدا-AA
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، نیازی خۆی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی راگەیاند، کە بەپێی ئەنجامه کۆتاییەکان، هاوپەیمانییە سیاسییەکەی زۆرترین کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوینەرانی بەدەست هێناوە.
ئەم هەڵوێستەی موقتەدا سهدر دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی دێت لەگەڵ "چوارچێوەی هەماهەنگیی" (ئەو هێزە سیاسیانەی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە).
موقتەدا سەدر لە تویتەر نووسیوویەتی "نە رۆژهەڵاتی نە رۆژئاوایی، حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی".
جێی ئاماژەیە، هەڵوێستی سەدر جیاوازە لە هەڵوێستی ئەو هێزە سیاسییانەی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە و ئەوان لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی سیاسییدان.
هاوكات لە راگەیەندراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگییدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: "لە کۆبوونەوە لەگەڵ رێبەری رەوتی سەدر، جەخت لە دەرچوونی هێزە بیانییەکان (لە عێراق) بەپێی خشتەیەکی کاتیی کرایەوە".
ئاماژە بەوەش دراوە کە هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، "گفتوگۆکرا لەسەر پەرەپێدانی میکانیزمەکانی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەت و جەخت لە پشتیوانیی حەشدی شەعبی و رێکخستنەوەی کرایەوە".
"چوارچێوەی هەماهەنگی" هەریەک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت، هاوپەیمانی فەتح (گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە هەندێکیان بە نزیک لە ئێران دادەنرێن)، بزووتنەوەی عەتا و حزبی فەزیڵە، لە خۆدەگرێت.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندراوە، هاوپەیمانی سائیرون سەربە موقتەدا سەدر بە بەدەست هێنانی ٧٣ کورسی بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە و هاوپەیمانی تەقەدووم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالکیش ٣٣ کورسی بەدەست هێنا.
هەروەها هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، هادی عامری ١٧ کورسی بەدەست هێنا لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا ٤٨ کورسی بردبوویهوه.