Sarmand Hameed
03 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
لە چەند رۆژی رابردوودا، لەسەر بانگهێشتی وەزیری كارەبای عێراق، وەزیری كارەبای هەرێمی کوردستان، كەمال محەمەد ساڵح بە سەرۆکایەتیی شاندێكی باڵای وەزارەت سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ وەزیری كارەبای عێراق و بەرپرسانی وەزارەتەکە كۆبووەوە.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لەبارەی ناوەڕۆکی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای وەزارەتەکە لە بەغدا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "كۆبوونەوەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگیی و بەهێز کردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وەزارەت بۆ خزمەت كردنی هاووڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی كارەبا و جێبەجێ كردنی پرۆژەكانی كارەبا لە ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بەڕێوەچوون".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە، "باس کردنی ئەزموونی وەزارەتی كارەبا لە بوارەكانی بەرهەمهێنان، بەكارهێنانی گازی بەفیڕۆچووی كێڵگە نەوتییەكان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هەنگاونان بەرەو وزە نوێبووەكان، جێبەجێ كردنی ئەزموونی سەركەوتووی پێوەری زیرەک كە بووە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی بەفیڕۆدانی كارەبا و كەم كردنەوەی سەرپێچییەكان و جێبەجێ كردنی چەند پرۆژەیەكی گرنگی كارەبا لە هەرێمی كوردستان لەسەر بوودجەی سیادی چەند بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی کارەبای عێراق بوو".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەموو ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە فرۆشتنی كارەبای هەرێم دەكەن، بێ بنەما و دوورن لە راستییەوە. ئەو بڕە كارەبایە لە رێگەی وەبەرهێنەرەكانەوە بە هاونیشتمانیانمان لە كەركووک، دەشتی نەینەوا و دیالە دەدرێت، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم وێستگانەی بەرهەمهێنانی كارەباوە نییە كە حكوومەتی هەرێم بۆ پێدانی كارەبا بە هاونیشتمانیان بە گەڕی خستوون".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق دایە و راگهیاندراوه: "ئێمە لە وەزارەتی كارەبا لەسەر ئەم ستراتیژییە و بە شێوازی پرۆفیشناڵ كاری پیشەیی خۆمان بۆ خزمەت کردنی هاووڵاتییان دەكەین".
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سوپاسی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی کردووە كە بە سەبر و پشوودرێژی لەگەڵیاندا بوون و و ئەوە خراوەتەڕوو پاڵپشتی و هاوكاریی بەردەوامی هاووڵاتییان زامنی سەركەوتنی کارەکانی وەزارەتەکە بووە بۆ رووناك کردنەوەی ماڵەكانی هەرێمی كوردستان و هەنگاونان بەرەو بەڕێوەبردنێكی باشتری کەرتی كارەبا.