Sarmand Hameed
03 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2021
هەولێر - AA
حکوومەتی عێراق رایگەیاند، لە ئاکامی ئەو هێرشانەی کە لە ماوەکانی دواییدا کراونەتە سەر ٦١ تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا، حەوت کەس کوژراون و ١١ی دیکە برینداربوونە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە ئاکامی ئەو هێرشانە کە کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانیی، ٦١ تاوەری کارەبا تەقێندراونەتەوە هەروەها حەوت کەس کوژراون و ١١ی دیکە برینداربوونە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە کات و شوێنی کردنە ئامانجی تاوەرەکان و ناسنامەی قوربانییەکان نەدراوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک و سەڵاحەددین کرانە ئامانج.
ئێوارەی رۆژی شەممە، شانەی قەیرانەکانی لەناکاو بۆ چارەسەری دۆخی کارەبای نیشتمانیی لە عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆبوویەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە،لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پاراستنی تاوەرەکانی تەزووی کارەبا کراوە لە کردنە ئامانجیان لەلایەن تێکدەران و تیرۆریستانەوە، لەمبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان راپۆرتێکی لەبارەی ئەو رێککارانەی کە بۆ پاراستنی تاوەرەکان گرتوویانەتەبەر، خستەڕوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە پەیوەندارەکانی راسپاردووە کە ھەموو ھەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا لە کردنە ئامانج و تەقاندنەوەیاندا.
ماوەی چەند رۆژێکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی لە بەغدای پایتەخت و چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری عێراق کەمی کردووە، و بەرەبەیانی رۆژی هەینی رابردووش کوژانەوەی گشتیی کارەبای نیشتمانیی لە سەرتاسەری عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان روویدا ئەمەش کاردانەوەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەداوی خۆیدا هێناوە و لە چەند ناوچەیەکیش خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، وەزیری کارەبای عێراق، ماجد حەنتوش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد و دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پەسەندکرا.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا، لەئێستادا عێراق، ١٩ ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکانی ھاووڵاتییان، دامەزراوە حکوومییەکان و کارگەکان پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.