Sarmand Hameed
08 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2019
بەغدا - AA
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکانی پێنج رۆژی رابردوودا، ٢٣ کەس کوژراون.
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە راگهیهنراوێكدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکردووە کە لە ماوەی نێوان ٣ تا ٧ی ئەم مانگە (تشرینی دووەم)، ٢٣ لە خۆپیشاندهرانی پارێزگاکانی بەغدا، کەربەلا، بەسڕە و زیقار کوژراون.
بەپێی راگهیهنراوهكه، لەهەمان ماوەدا، هەزارو ٧٧ کەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوونە و زۆربەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
وەک کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەی پێکردووە، هەر لە هەمان ماوەدا ٢٠١ کەس دەستگیرکراون و لەو ژمارەیە ١٧٠یان ئازادکراون.
بەپێی دوایین ئامار کە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە ٢ی ئەم مانگە (تشرینی دووەم) بڵاویکردەوە، لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بەڕێوەدەچن، ٢٦٠ کەس کوژراون و نزیکەی ١٢ هەزاری دیکە برینداربوونە.
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، بە راگەیاندنی کوژرانی ئەم ٢٣ کەسەی دیکە و برینداربوونی هەزارو ٧٧ی دیکە، ژمارەی کوژراوەکان گەیشتە ٢٨٣ کەس و بریندارەکان گەیشتنە زیاتر لە ١٣ هەزار كهس.