Fakhradin Ibrahim Mohammad
28 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2020
بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکۆژی کە بارەگای دەزگای هەواڵگریی عێراقی لە باشووری شاری کەرکووک کردە ئامانج، دوو تیرۆریست کوژران و سێ کەسیش برینداربوون کە یەک کەسیان مەدەنییە.
لەمبارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند كە دوو تەقینەوەی خۆكوژی بارەگای دەزگای هەواڵگریی عێراق-یان لە باشووری كەركووك كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە، دوو كارمەندی ئەمنی برینداربوون.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "دوو خۆكوژ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی و دژەتیرۆر لە كەركووك خۆیان تەقاندووەتەوە".
شانەی راگەیاندنی ئەمنی هیچ باسی لە شوناسی تیرۆریستان نەکردووە، بەڵام پێشتر شانەکە ئاماژەی دابوو بە خۆڕێکخستنەوە و جموجۆڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەکە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە ئاكامی تەقینەوەكاندا، دوو كارمەندی ئەمنی برینداربوون.
هاوکات دوو تیرۆریستیش کوژراون و بەپێی زانیارییەکان یەک کەسی مەدەنیش کە لە شوێنی رووداوەکە نزیک بووە، بریندار بووە.
بەگوتەی شایەتحاڵەکان لە شوێنی رووداوەکە، تیرۆریستان دوای دابەزینیان لە ئۆتۆمبیلێک بە نارنجۆک هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای سەرەکی دەزگای هەواڵگریی و دوای تەقاندنی نارنجۆکەکە، لەلایەن پاسەوانانی بارەگاکە تەقەیان لێکراوە و دواتر یەکێکیان خۆی تەقاندوەتەوە و بووەتە هۆی کوژرانی هەردوو تیرۆریستەکە.
بەپێی ئامارەکان لە سێ مانگی رابردوودا، ٤٩ هێرشی چەکدارانی داعش لە سنووری ناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە ٤٦ کەس کوژراون و ٨٠ی دیکەیش برینداربوون.
هەروەها لە میانی یەک مانگدا تەنها لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ١٧ هێرشی تیرۆریستی ئەنجامدراوە.