12 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2020
بەغدا ــ AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا رایگەیاند كە لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێ دووشەممە، شەش كارمەندی ئەمنی كە یەكێكیان ئەفسەرە برینداربوون.
لە رۆژی یەكشەممەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین دژبە پارتە دەسەڵاتدارەكان لە شاری بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستی پێكردووەتەوە كە ماوەی دوو مانگ بوو بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، هەڵپەسێردرابوون.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە کە تیایدا هاتووە "دوێنێ دووشەممە لە میانی خۆپیشاندانەكانی نزیك پردی كۆماری، ژمارەیەك كەسی تێكدەر كە دزەیان كردبووە نێو خۆپیشاندەرانەوە بە مۆڵۆتۆف و نارنجۆك هێرشیانکردووەتەوە سەر هێزە ئەمنییەكان و بەهۆیەوە شەش كارمەندی ئەمنی كە یەكێكیان ئەفسەرە، برینداربوون".
لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەدراوە كە هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان لە میانی خۆپیشاندانەكاندا، پێشێلكردنی یاسایە و داواش لە سەرجەم خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان كراوە كە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن و رێگەیش بە كەسانی تێكدەر نەدەن دزە بكەنە نێو خۆپیشاندانەكانەوە.
هاوكات سەدان خۆپیشاندەران لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە ناوەڕاستی شاری حلـلە گردبوونەوە و داوایان كرد پارێزگار، كەراڕ عەبادی بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و گەندەڵییەوە دەستلەكار بكشێنێتەوە.
لەوبارەوە چالاكوانێكی خۆپیشاندانەكانی بابل بە ناوی ئەیاد حلـلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی كرد و گوتی: "خۆپیشاندەران بەهیچ شێوەیەك لە داواكارییەكانیان پاشگەز نابنەوە و رەتی دەكەنەوە كەسی حزبی بكرێت بە پارێزگار بە تایبەتیش دوای ساڵانێكی زۆر دەركەوت، كەسانی حزبی كە كراون بە پارێزگار لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان شكشتیان هێناوە".