05 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2020
بەغدا - AA
سەرچاوەیەکی ئەمنی و شایەتحاڵەکان رایانگەیاند کە کەسانی نەناسراو، چوار خیوەتی خۆپیشاندەرانیان لە شارەکانی بەغدا و ناسرییە سووتاندووە کە هێچ زیانێکی گیانیان لێ نەکەوتووەتەوە.
لەوبارەوە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی زیقار لە لێداونێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، کەسانی نەناسراو بۆمبێکی دەستیان هەڵداوەتە ناو خیوەتی چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە بەناوی عەلا روکابی کە بەهۆیەوە خیوەتەکە سووتاوە.
بەگوتەی سەرچاوەکە رووداوەکە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
هاوکات شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵۆیان راگەیاند کە کەسانی نەناسراو، ئاگریان لە سێ خیوەتی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی وەسبە ناوەڕاستی بەغدا بەرداوە و بەهۆیەوە خیوەتەکان سووتاون.
لە لایەکی دیکەوە خۆپیشاندەرێکی شاری حیلـلە ناوەندی پارێزگای بابل بە ناوی مەککی حیلـلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە خۆپیشاندانەکانیان بۆ رەتکردنەوەی راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بەردەوامە.
مەککی حیلـلی گوتی: "بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر داواکارییەکانمان ناکەین و لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی حکوومەتیێک پێکدەهێندرێت کە نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل بێت نەوەک پارتەکان".
ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندەرانی عێراق ئاستی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان دژبە راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت فراوانتر کردووە کە لەمیانیدا رێگا سەرەکییەکان، قوتابخانە، زانکۆ و فەرمانگە فەرمییەکانیان داخستووە.
رۆژی شەممەی رابردوو سهركۆماری عێراق، بهرههم ساڵح وهزیری پێشووتری گواستنەوە و گهیاندن، محهمهد تۆفیق عهللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد.
محهمهد تۆفیق عهللاوی ماوەی یەک مانگی لە بەردەستدایە تا كابینهی حكوومهتهكهی پێكبهێنێت و متمانهی ئەنجوومەنی نوێنەران بهدهستبهێنێت.